رووسیا داوای جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسیاشی نێودەوڵەتی دەکات

K24 - هەولێر

نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رووسیا داوای جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات کە بانگەوازی ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەززە لەخۆدەگرێت.

ڤاسیلی نەبێنزیا، نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئێمە داوای جێبەجێکردنی تاکە بڕیارێک دەکەین کە تا ئێستا لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەبارەت بە غەززە دەرچووە، بڕیارنامەی ژمارە 2712یە ، کە سەرەڕای لاوازییەکەی، لانیکەم بانگەوازێک لەخۆدەگرێت بۆ "بەستنەوەی هەردوو لایەن بۆ راگەیاندنی ماوەی ئاگربەستی مرۆیی".

لە درێژەی قسەکانیدا نوێنەری رووسیا گوتی: "پێویستە چاودێری نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارنامەیە لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا مسۆگەر بکرێت".

لە 15ـی 12/2023، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی سەبارەت بە کەرتی غەززە پەسەند کرد، کە بریتییە لە بانگەوازی راگەیاندنی ماوەی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و دامەزراندنی رێڕەوی گواستنەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ دانیشتوانی غەززە.

ئەم بڕیارنامەیە دوای چەندین هەوڵی شکستخواردوو، بۆ داڕشتنی دەقێک پەسەندکرا کە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەری ڕێکبکەون، لە کاتی پەسەندکردنی بڕیارنامەی 2712دا، سێ ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنەکە خۆیان لە دەنگدان بەدوور گرت، رووسیا، ئەمەریکا و بەریتانیا. بەڵام 12 وڵاتی دیکە پشتگیریان لێکرد.

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

ئا: لاڤین عومەر