شەش شوێنەواری کۆنی ئامێدی نۆژەن دەکرێنەوە

کونسوڵی فەرەنسا لەگەڵ شاندێکی قەزای ئامێدی
کونسوڵی فەرەنسا لەگەڵ شاندێکی قەزای ئامێدی

K24 - هەولێر

کونسوڵخانەی فەرەنسا بە هەماهەنگی لەگەڵ دوو دەزگای بیانی و وەزارەتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، شەش شوێنەواری کۆنی ئامێدی نۆژەندەکاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی2023، د. بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەواری گشتی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، کونسوڵخانەی فەرەنسا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئێکسپرێنس فرانس، ئیف پوی فه‌رەنسی و وەزارەتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان؛ ژمارەیەک شوێنەواری کۆن لە سنووری قەزای ئامێدی نۆژەندەکاتەوە.

بە گوتەی بریفکانی: "سەرەتای ساڵی داهاتوودا دەست بە نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکان دەکرێت، کە بریتین له‌  قوتابخانەی قوبەهان، مزگەوتی کۆن، کەنیسەی کۆن، گۆڕستانی سوڵتان، گوڕی پیرحەزان و کورا سریجی."

 

یەکێک لەو شوێنەوارانەی نۆژەندەکرێتەوە
یەکێک لەو شوێنەوارانەی نۆژەندەکرێتەوە

 

وەکو ئەوەی بەڕێوەبەری شوێنەواری گشتی پارێزگای دهۆک ئاماژەی پێ دا، "ماوەی حەوت مانگە توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم شوێنانە دەکرێت بۆ ئەوەی دڵنیابن لە شێوازەکەی کە دەستکاری نەکراوە و وەکو خۆیەتی بۆ ئه‌وه‌ى بە شێوەی پراکتیکی دەست بە نۆژەنکردنەوەیان بكرێت".

لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە دوو هەزار و 221 ناوچەی شوێنەواری هەن، زۆرینەیان ده‌كه‌ونه‌ سنووری قەزای ئامێدی کە زیاتر لە 200 شوێنی شوێنەواریی لێیه‌.

 

یەکێک لەو شوێنەوارانەی نۆژەندەکرێتەوە
یەکێک لەو شوێنەوارانەی نۆژەندەکرێتەوە

 

 

ئامادەکردن: لاڤین عومەر