شارەوانی هەولێر: ریکلامی نایاسایی لادەبرێن و رێکخستنی شەقامەکان بەردەوام دەبێت
K24 - هەولێر
سەرۆکی شارەوانی هەولێر رایگەیاند، ریکلامە نایاساییەکان لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان لادەبرێن و رێکخستنی شەقامەکانی شاری هەولێر بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی2023، عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بڕیاردراوە هەموو ئەو ریکلامانەی کە سیمای شار تێکدەدەن و لەلایەن هاووڵاتییانەوە لەسەر دیوار و شوێنە گشتییەکان دەنووسرێن، لاببرێن و بسڕدرێنەوە".
گوتیشی: "ریکلامەکانی سەر دیوار سیمای شارستانییەتی شارەکەیان تێکداوە، ئاگاداری شارەوانییەکانمان کردووەتەوە کە سەر بە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێرن، هەڵمەتێک بۆ سڕینەوەی ئەو ریکلامانە بکەن، بۆ قۆناغی دووەم ئەو هاووڵاتییانەی کە پابەند نەبن و سەرپێچییان کردووە، رێككاری توندتری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر، بە دەستبەسەرداگرتنی ئامێرەکانیان و دەیاندەینە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆ، یاخود دەدرێنە دەست قایمقامییەتی قەزای ناوەندی هەولێر، بۆ ئەوەی رێککارە یاسایی بەرامبەریان ئەنجام بدرێت".
سەرۆکی شارەوانی هەولێر، ئاشکراشیکرد: "لە ئێستادا ئێمە لە هەوڵی نەهێشتنی ئەو دیاردە ناشارستانیەین کە لەناو شار هەیە، لەسەر بودجەی حکومەت و لەگەڵ کارمەندانی شارەوانی خۆمان هەستاوین بە سڕینەوەی ریکلامەکان و بۆیەکردنی ئەو شوێنانەی کە پەیامەکانیان لەسەر نووسراوە".
جەختیکردەوە: "ریکلامە نایاساییەکانی سەر شەقامەکان لادەبرێن رێکخستنی شەقامەکانی شاری هەولێر بەردەوام دەبێت، لە شەقام، ناو بازاڕ و شۆستەکان و زۆربەی هەرە زۆری دووکاندارەکان، نەک تەنیا ریکلامەکان بەڵکو کەرەستەکانی ناو دوکانەکەیان دەهێننە سەر شەقامە و شۆستەکان، ئەمەش سەرپێچی رێنماییەکانی شارەوانییە، لە رێگەی چاودێرەکانمان ئاگادار دەکرێنەوە کە شوێنی مەبەست نابێت لەوە زیاتر بێنە پێشەوەی ئەو هێڵێکی سووریان بۆ دیاری دەکرێت، لەوهێڵە سوورەی بۆیان دیاری کراوە زیاتر بێنە پێشەوە سزا دەدرێن".
دەشڵێت: "لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، کە دوو کۆمپانیایی سەرەکی ریکلاممان هەیە، دوکاندارەکان دەتوانن بەشێوەیەکی مۆدێرن لەو دوو شوێنە ریکلامەکانیان بکەن، چونکە رێکخستنی شار تەنیا ئەرکی حکومەت نییە، ئەرکی هەموو هاووڵاتییەکە کە سیمای شارستانی شارەکەی بپارێزێت".
ئا: لاڤین عومەر