سەدا 10ـی کارەکانی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی کۆرنیشی زاخۆ تەواوبوون

K24 - هەولێر

سەدا 10ـی کارەکانی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی کۆرنیشی زاخۆ تەواوبوون و پێشبینی دەکرێت ساڵی داهاتوو کۆی پڕۆژەکە تەواوببێت و بکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییاندا.

درێژیی کۆی پڕۆژەی کۆرنیشی زاخۆ شەش کیلۆمەترە. لەسەر هەردوو رووی رووباری خابوور دروستدەکرێت؛ دوای تەواوبوونی دەبێتە درێژترین کۆرنیش لەسەر ئاستی عێراق.

قۆناغی دووەمی پڕۆژۆەکە دەستیپێکردووە؛ سەدا 10ـی کارەکان تەواوبوون و کارکردن تێیدا بەردەوامە.

هەدیا محمد سەلیم، ئەندازیاری سەرپەرشتی پڕۆژەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "سەدا 10ـی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی کۆرنیشی زاخۆ تەواوبووە و ئێستا کار بۆ دروستکردنی دیواری پاڵپشتیی پڕۆژەکە دەکەین. لە بەرنامەماندایە تاوەکو مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو دروستکردنی دیوارەکان تەواوی بکەین و، دواتر کار بۆ دروستکردنی باخچە و شوێنی پیادە دەکەین".

قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە بە درێژایی یەک کیلۆمەتر لەسەر هەردوو رووی رووباری خابوور دروستکرا و، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کەرتی گەشتوگوزاری دەڤەرەکە هەبوو و دەیان هەلی کاری بۆ هاووڵاتییان رەخساندووە. چاوەڕێدەکرێت قۆناغی دووەم باشتر و گەورەتر بێت.  

چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری زاخۆ بە کوردستان24ـی گوت، "هەڵبەتە تەواوبوونی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی کۆرنیشی زاخۆ، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کەرتی گەشتیاری زاخۆ و هاتنی گەشتیاران دەبێت".

پێشبینی دەکرێت قۆناغی دووەمی پڕۆژەی کۆرنیشی زاخۆ ساڵی داهاتوو تەواوببێت و بکەوێتە خزمەتی کەرتی گەشتوگوزار و هاووڵاتییانی دەڤەرەکە.

Fly Erbil Advertisment