کێشەی دواکەوتنی برنج لە بەشەخۆراکی سلێمانی چارەسەر دەکرێت

بەهۆی تێکچوونی رەوشی ئاسایش لە گەرووی هورمز کێشە و ئاستەنگ لەبەردەم گەیشتنی برنجی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان لە سلێمانی دروستبووە، بەڵام بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک و بازرگانی سلێمانی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە گواستنەوەی بارەکە لە رێگەی بەندەری عەقەبەوە دەستی پێکردووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەم کێشەیە بە تەواوی چارەسەر دەکرێت.

کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک و بازرگانی سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند، بەهۆی بوونی گرفت لە گەرووی هورمز کێشە لە گەیشتنی برنج هەیە، بەڵام بە دواکەوتنیشەوە کاریگەریی لەسەر بەشەخۆراکی هاووڵاتییان نابێت. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد هەر هاووڵاتییەک مانگانە پێویستی بە 30 کیلۆگرام برنج هەیە، واتە لە سلێمانی پێویستی مانگانە 6 هەزار تۆن برنجە.

کامەران فەتاح روونی کردەوە، پێش دروستبوونی شەڕ 20 تاوەکو 25 بارهەڵگری برنج دەگەیشت، بەڵام ئێستا دوو بۆ سێ بارهەڵگر دەگات. پێشتر لە بەسرەوە دەهات، بەڵام ئێستا بەهۆی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز لە بەندەری عەقەبەوە دێت.

ئەوەشی خستەڕوو، خۆشبەختانە لە دوو رۆژی رابردوودا گرێبەستێکی هاتنی 10 هەزار تۆنی بەدەستیان گەیشتووە، بۆ ئەوەی گواستنەوەی پێبکرێت و لە کۆگاکانی عێراقەوە بگوازرێتەوە و کۆتایی بەو کێشەیە دەهێنرێت.

سەبارەت بە ماددەکانی دیکەی بەشەخۆراک، کامەران فەتاح گوتی: هیچ گرفت و کەموکوڕییەک نییە، هەموو ماددەکان بە زیادەوە بەردەستن و ئامادەکاریی کراوە بۆ دابەشکردنی سەبەتەی نوێی خۆراک.