یانەیەكی خولی نایابی كوردستان بایكۆتی كرد

دەستپێكی یاریی هەولێر و سەیدسادق لە گەڕی دەیەمی خولی نایابی كوردستان 2023 ـ 2024
دەستپێكی یاریی هەولێر و سەیدسادق لە گەڕی دەیەمی خولی نایابی كوردستان 2023 ـ 2024

یاریزانانی یانەی سەیدسادق بەهۆی وەرنەگرتی شایستە داراییەكانیان بایكۆتی مەشق و راهێنانەكانیان كردووە و زیاتر لە 100 رۆژە هیچ مووچەیەكیان وەرنەگرتووە.
یانەی سەیدسادق گەڕی ڕابردوو لە نێو یاریگەی دووەمی فرانسۆ هەریری گۆڵبارانی یانەی هەولێری كرد و بە ئەنجامی (4 ـ 1) یارییەكەی بردەوە، یاریزانانی یانە شارەزوورییەكە ئەمڕۆ چوارشەممە بایكۆتی راهێنانەكانیان كردووە و ئامادەنین بۆ یاریی داهاتوویان بەرامبەر سیروانی نوێ كە بڕیارە رۆژی هەینی لە نێو یاریگەی خۆیان بكرێت بێنە نێو یاریگە.
تەیوب حاجی رەشید سەرۆكی یانەی سەیدسادق لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند زیاتر لە 100 رۆژە یاریزانەكانیان مووچەیان وەرنەگرتووە و چیتر ئارامیان نەماوە و بایكۆتی مەشقەكانیان كردووە.
تەیوب حاجی رەشید گوتیشی: هەوڵێكی زۆرمان داوە، لە دەرگای چەندان بەرپرسی حكوومی و حیزبیمان داوە، تا ئێستا هیوایەك بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانمان نییە، یاریزانەكانیشم هەستیان بەو بێهیواییە كردووە و بڕیاریانداوە نەگەڕێنەوە مەشق و راهێنانەكان.
یانەی سەیدسادق سێیەمین وەرزە لەسەریەك بەشداریی لە خولی نایابی كوردستان دەكات، لە وەرزی یەكەم پلەی سێیەمی ریزبەندی بەدەستهێنا و تەنیا 9 خاڵ لە یانەی سیروانی نوێی پاڵەوان دوور بوو، وەرزی رابردوو 3 پلە بۆ خوارەوە دابەزی و لە پلەی شەشەم كۆتایی بە وەرزی 2022 ـ 2023 هێنا، ئەم وەرزەش لە كۆی 10 یاری، 3 بردنەوە، 2 بەرامبەربوون و 5 شكستی هەیە و بە كۆكردنەوەی 11 خاڵ لە خانەی دوازدەیەم دێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێرشبەرانیان 18 گۆڵیان تۆمار كردووە، ئەمەش بەرزترین رێژەی گۆڵكردنە لەسەر ئاستی خولەكە.

یاریزانانی سەیدسادق دوای سەركەوتنەكەیان بەرامبەر هەولێر لە گەڕی دەیەمی خولی نایابی كوردستان
یاریزانانی سەیدسادق دوای سەركەوتنەكەیان بەرامبەر هەولێر لە گەڕی دەیەمی خولی نایابی كوردستان

 

Fly Erbil Advertisment