چوارچێوەی هەماهەنگی فراکسیۆنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پێکدەهێنێت

لۆگۆی لایه‌نه‌كانی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی
لۆگۆی لایه‌نه‌كانی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی

K24 - هەولێر:

دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگیی ئاشکرایدەکات، لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق لایەنەکانی نێو چوارچێوە یەکدەگرنەوە و فراکسیۆنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پێکدەهێنن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامانج لەم کارە، خێراکردنە لە پێکهێنانی ئەنجوومەنەکان و راییکردنی کارەکانی پارێزگاکان.

چواچێوەی هەماهەنگی دەشڵێت، ئەم هەنگاوە تەواوکاریی هەوڵەکانی حکومەتی فیدڕاڵییە کە لەماوەی ساڵی رابردوودا خستوویەتەگەڕ.

لە 15 پارێزگای عێراق بە کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانەوە، 16 ملیۆن کەس کارتی دەنگدانیان وەرگرتەوە و مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام تەنها 6 ملیۆن کەس بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی کرد، لەگەڵ ئەوەی 23 ملیۆن کەس مافی دەنگدانی هەبوو، بەپێی راگەیاندنی کۆمیسیۆنیش، رێژەی بەشداری 41٪ بووە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە رۆژی( 18-ی کانوونی یەکەمی 2023) لە سەرتاسەری عێراق( جگەلە هەرێمی کوردستان) بەرێوەچوو.

دوێنێ سێشەممە ( 19-ی کانوونی یەکەمی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، ئەنجامی بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا بڵاوکردەوە.