کەنەدا ڤیزا بە دانیشتووانی کەرتی غەززە دەدات
K24 - هەولێر
مارک میلەر وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی کەنەدا رایگەیاند، دانیشتوانی کەرتی غەززە ئەوانەی کەسوکاری کەنەدییان هەیە، دەتوانن داوای ڤیزەی کاتی بکەن بۆ ئەوەی بێنە وڵاتەکە، پێشبینیش دەکات بەرنامەکە تا 9ـی یەنایەری 2024 دەست بە کارکردن بکات.
مارک میلەر، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی کەنەدا رایگەیاند، حکومەتی کەنەدا مۆڵەتی مانەوەی کاتی دەداتە هەر کەسێک کە ئارەزووی دەرچوون لە کەرتی غەززە دەکات و پەیوەندی خێزانی لەگەڵ هاوڵاتییەکی کەنەدیدا هەبێت (مێرد، کوڕ، نەوە، برا، باوک، یان داپیرە)
ئاماژەی بەوەشکرد، دەزانین زۆرێک لە خەڵکی کەنەدی نیگەرانن لە سەلامەتی ئازیزانیان لە غەززە، هەر بۆیەش رێوشوێنی کاتی کۆچبەری رادەگەیەنین.
میلەر هۆشداریشیدا، کە ئەو کەسانە بۆ ماوەی سێ ساڵ ڤیزەیان پێدەدرێت، ئەگەر پێوەرەکانی شایستەیی و وەرگرتنیان تێدابێت.
وەزیرەکەی کۆچی کەنەدا گوتیشی: "کەنەدا دیاری ناکات کێ، کەی، یان چەند کەس دەتوانێت دەربچێت" لە رێگەی دەروازەی سنووری رەفەحەوە لە میسر، کە تاکە دەروازەیە فەڵەستینییەکان بە جیهانەوە دەبەستێتەوە.
لە چەند هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 600 کەسی کەنەدی و دانیشتووی هەمیشەیی کەنەدا توانیان لە رێگەی ئەم دەروازەوە کەرتی غەززە بەجێبهێڵن.
میلەر ئاماژەی بەوەشکردووە، "دڵنیا نییە" چەند کەس دەتوانن لەژێر ئەم بەرنامەیەدا بێتە کەنەدا، بەڵام پێشبینی دەکات "بە سەدان کەس" بێت.
بەڵام حکومەتی کەنەدا ناتوانێت گەرەنتی دەرچوونێکی سەلامەت لە غەززە بکات، هەر لەو چوارچێوەیەدا وەزیری کۆچبەری کەنەدا دووپاتی کردەوە کە دەرهێنانی کەنەدیەکان لە غەززە ئەستەمە. ئاماژەی بەوەشکردووە، توانای ئێمە سنووردارە.