دێرین محەمەد: وەک ئەکتەرێک ھیچ نوێگەرییەک لە شانۆی کوردیدا نابینم

دێرین محەمەد
دێرین محەمەد

K24 - هەولێر

ئەکتەر و شانۆکار دێرین محەمەد، لەساڵی 1977 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. لەساڵی 1988 بە شانۆگەری دەستی بەکاری ھونەری کردووە. لە چەندین شانۆ و کورتە فیلم و دراما و کلیپ و رێکلام بەشداری کردووە و تا ئێستاش بەردەوامە لەکاری ھونەری  ودەڵێت: لە رێگەی کارەکانمەوە دەمەوێ کێشەکانی ئێستای کۆمەڵگای کوردی باس بکەم.

دێرین محەمەد لەو هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان24 باسی کار و چالاکییەکانی و دوایین پڕۆژەی هونەری خۆی دەکات.

لە درامای کێشەکانی خێزان، لەو درامایە دەتانەوێ چی پەیامێک بگەیەنن و ئامانجتان چییە؟

ئێمە وەک ستافێک لەچوارچێوەی رێکخراوێکی ھونەری دەستمان پێکردووە و دەمانەوێت بە کورتە فیلمی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی خێزانی، کێشەکانی ئێستای کۆمەڵگا بگوازینەوە و مەبەستمانە تا ئاستی توانای خۆمان پەنجە بخەینە سەر برینەکانی کۆمەڵگا.

ئەکتەری باش کێیە؟

ئەکتەری باش لای من ئەو ئەکتەرانەن کە پێش خۆم کاریان کردووە و تا ئێستاش لە ھزری ھەموومان ماوەتەوە، ئەکتەری باش ئەو کەسەیە، کە بەردەوام خوێندنەوە و بەدواداچوون بۆ پیشەکەی دەکات و توانا و سەلیقەیەکی باشی هەیە بۆ خوێندنەوە و لەبەرکردن و لەیادکردن لەهەمان کاتدا و بەرگەی ئاستەنگەکان بگرێت و شکست نەهێنێت و گوێگرێکی باشبێت و توانای گفتوگۆی رەوانبێت و گرنگی بدات بە دەنگ و جەستە و هەست و سۆزی سەلیقەی بەرجەستەکردنی کەسێتییە جیاوازەکانی، لە هەمان کاتدا دەرهێنەری باش پێداویستی خۆی هەیە کە بتوانێت هەڵگری ئەو نازناوە بێت.

شانۆی کوردی بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیووە؟

لە ئێستادا من ھیچ بەرەوپێشچوونێک لە شانۆی کوردیدا نابینم، گومانم نیە لەوەی کە گۆڕانکاری لەهونەردا لە کوردستان رووی نەدابێ لە رووی زانین و پیشەیی و تەکنیکیەوە، بەڵام ئەم گۆڕانکاریە بەس نییە بۆ پێشکەوتنی هونەر لە کوردستاندا، بەڵکو دەبێ بزانین هونەر چەند توانیوێتی ببێتە دۆستی کۆمەڵگاکەی، راستی ئێمە لە قۆناغێکی ئاڵۆزدا دەژین، کە مرۆڤی ئەم سەردەمە سەر لێشێواوە چەوساوەی ئامێرە تەکنەلۆجیاکانە، خەياڵ پڵاوی زیرەکی دەستکردە، کە کۆنترۆڵی جۆری پەیوەندیەکان دەکات لە نێو مرۆڤەکاندا، ئەگەر بڵێم ئەمە بەویستی خۆت بێت یان نا بەئاگابین یان بێئاگا ئەو خۆی دەسەپێنێت، لەبەر ئەوەی ئەمە دۆخی سەردەمەکەیە دەبێ هونەرمەندی کورد لەگەڵ هونەرەکەی زیرەکانە مامەڵە بکات.

وەک ئەکتەرێکی ئافرەت، سەختیت لەکاری هونەری بینیوە؟

ئێمەی ئافرەت بەشی خۆمان سەختیمان بینیوە، بەڵام خۆشەویستی بۆ ھونەرەکەمان وای لێکردووین زاڵ بین بەسەر سەختیەکاندا.

زۆربوونی درامای بیانی هۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

کەناڵەکان ھۆکاری ئەوەن بۆ ئەوەی درامایەکی کوردی بەرھەم نەھێنن و پەنا دەبەن بۆ درامای بیانی، چونکە تێچووەکەی کەمترە، بێ ئاگان لەوەی چ کارەساتێک دەخەنە ناو کۆمەڵگا و  دورمان دەخەنەوە لەمێژوو و کولتووری خۆمان، کارەکانی ئێمەش ئەو کوالێتیە بەرزەی نییە تا بە تەواوەتی دڵی بینەرەکانمان رازی بکەین، کە ئەویش هۆکاری خۆی هەیە، هەر لە نەبوونی بودجەی باش و هەر لە کەمی بەرهەم هێنانەوە، ئەگەر ئێمەی هونەرمەند ساڵانە چەند بەرهەمێکی درامی باشمان هەبێت، ئەوکاتە بینەری باشمان دەبێت و کەمتر پەنا دەبەنە بەر درامای بیانی، نەک بە دوو ساڵ بەرهەمێکمان هەبێت، بێگومان بینەریش دەتۆرێت، بۆیە بینەر گرنگی زیاتر بە بەرهەمی دەرەوە دەدات.

بینەر کاری جیدی و باشی دەوێت و کوالێتییەکی بەرزی  لە هەموو رووێکەوە دەوێت، هەروەها کاری بیانی هەر لە دراماکانیانەوە کە ئێران و تورکیایە، کاری ناوازەیان هەیە و بینەر ئەوانە دەبینێت و نایەوێت کاری بێ کوالێتی ببینێت.

چی بکرێت بۆ ئەوەی گرنگی بە هونەری ناوخۆیی بدرێت و بەرهەمی جوان پێکەش بکرێت؟

پێش ھەموو شتێک یەکخستنەوەی ھونەرمەندان کە ئێستا بوون بە گروپ گروپ و بازرگانی بەکاری ھونەرییەوە دەکەن. دەبێت کەناڵەکان دەستی ھونەرمەندان بگرن تا ھونەرمەندانیش کاری بە پێز و پڕمانا پێشکەش بە بینەرەکانیان بکەن

پڕۆژەی نوێت چی دەبێت؟

لە ئێستادا بەردەوامین بە پێشکەشکردنی بەشێک لە چارەسەری کێشەکانی ئێستا و داھاتوو لە رێگای کورتە فیلمی باش و بەسوود بۆ بینەرەکانمان.