بەهاددین هەڵەبجەیی: ئەکتەری باش دەبێت بەردەوام بخوێنێتەوە

بەهاددین نوری
بەهاددین نوری

K24 - هەولێر

هونەرمەند بەهاددین نوری ناسراوە به بەهاددین هەڵەبجەیی، لەناوەڕاستی هەشتاکان بە شانۆگەری "خۆناسەکان" دەستم پێکردووە و تاوەکە ئێستاش بەردەوامم.

بەهاددین هەڵەبجەیی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان24، باسی کێشەکانی دراما و شانۆ دەکات و پڕۆژە نوێکەشی باس دەکات.

باسێکی کار و بەرهەمەکانت بکە؟

بەهاددین هەڵەبجەیی، لەناوەڕاستی هەشتاکان بە شانۆگەری "خۆناسەکان" دەستم پێکرد کە لە نووسینی محەمەد رەشید فتاح و دەرهێنانی سلێمان ئیبراهیم بوو. لەو کاتەوه بەردەوامم لەکاری هونەری و  زیاتر له 50 کاری شانۆییم هەیە، وه زیاتر له 15 درامام هەیه و  کۆتا کاری درامیم بەشداری کردنم بوو لە درامای کۆشکی هەنار، هەروەها زیاتر له 25 کورته فیلمم هەیه، وه دوو فیلمی سینەماییم هەیه وەکو، ژانی گەل و بێکەس. لە ئێستاشدا سەرقاڵی خۆ ئامادەکردنین پێشکەشکردنی بۆ درامایەکی تەلەفزیۆنی.

ئەکتەر و دەرهێنەری باش کێیە؟

ئەکتەری باش دەبێت پێش هەموو شتێک عەشقی بۆ هونەرەکەی هەبێت، گەرنا سەرکەوتوو نابێت. ئەکتەری باش دەبێت بەردەوام بخوێنێتەوە و خۆی ئەکتیڤ بکاتەوە، نابێ لەخوێندنەوە داببڕێت، چونکە هونەر هەموو کات لەبەرەوپێشچوون دایە، دەبێ جار جار هونەرمەند خۆی ئەکتیڤ بکاتەوە، نەک یەک ستایل بگرێت، بەڵکو دەبێت زیاتر گرینگی بەخۆی بدات بۆ ئەوەی تەمەنی لەناو هونەری کوردی درێژ بێت، دەشڵێت: ئەو کەسانەی کە بەردەوام لە گەڕان و بەدواداچوندان بۆ زیاتر فێربوون و بینینی ئەزموونی جیاواز، ئەوکەسانەن کە هونەریان خۆشدەوێ و کارەکەی خۆیان خۆش دەوێ، ئەو کەسانەن کە تەنیا هونەر لە پێناو هونەردا دەکەن نەک هیچی تر، ئەوکەسانەن کە بەردەوام فێردەبن نەک لە پنتێکدا وەستابن و پێیان وایە ئیتر شارەزان، ئەو کەسانەن کە هەمیشە چاویان لە داهاتووی کارەکانیانەو لە پێناویدا ڕەنج دەدەن. دەرهێنەری باش دەبێت شارەزاییەکی باشی هەبێت له هەموو رووێکەوە، شارەزا بێت  له کامێرا و سیناریۆ، دەبێت بەپێی  سیناریۆکه ئەکتەر دەستنیشان بکات و دەبێت واز له هاوڕێیەتی بهێنێت. به دڵنیاییەوە ئەکتەری زۆر باشمان هەیه، نەوه له دوایی نەوه بێ ئەکتەر نەبووین، ئێستا ئەکتەری ئافرەتیشمان زۆره و  ئەو کێشەیەشمان نەماوه. هەر ئەکتەرێک بۆ ئەوەیی بەردەوام بێت، دەبێت عەشقی بۆ هونەرەکەی هەبێت، ئەگەر عەشقت  هەبوو بۆ هونەرەکەت، ئەوا هەموو رێنماییەکانی کارکردن جێبەجێ دەکەیت.

بۆچی بینەری کوردی گرینگی بە درامای بیانی دەدات؟

 بەداخەوه بەشێک لە کەناڵەکان بینەری کوردیان وا راهێناوه کە بینەری دراما بیانییەکان بن، لەبەر ئەوەی دراما بیانییەکان به نرخێکی کەمتر دەستیان دەکەوێت و سوودی پارەکه بۆیان زیاتره. بەپێچەوانەوه بینەری کورد زۆر تامەزرۆیی درامای کوردیه، بەڵام بەشێک لە کەناڵەکان تاوانباری یەکەمن، لەبەر ئەوەی هاوکار نین لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەم هێنەرەکان، ئەگەرنا سیناریۆمان هەیه و دەتوانین کاری زۆر جوان پێشکەش بە بینەرەکەمان بکەین. کەناڵەکان ھۆکاری ئەوەن بۆ ئەوەی درامایەکی کوردی بەرھەم نەھێنن و پەنا دەبەن بۆ درامای بیانی، چونکە تێچووەکەی کەمترە، بێ ئاگان لەوەی چ کارەساتێک دەخەنە ناو کۆمەڵگا و  دوورمان دەخەنەوە لەمێژوو و کولتووری خۆمان. کارەکانی ئێمەیش ئەو کوالێتیە بەرزەی نییە تا بە تەواوەتی دڵی بینەرەکانمان ڕازی بکەین، کە ئەویش هۆکاری خۆی هەیە، هەر لە نەبوونی بودجەی باش و هەر لە کەمی بەرهەم هێنانەوە، ئەگەر ئێمەی هونەرمەند ساڵانە چەند بەرهەمێکی درامی باشمان هەبێت، ئەوکاتە بینەری باشمان دەبێت و کەمتر پەنا دەبەنە بەر درامای بیانی، نەک بەدوو ساڵ بەرهەمێکمان هەبێت، بێگومان بینەریش دەتۆرێت، بۆیە بینەر گرینگی زیاتر بە بەرهەمی دەرەوە دەدات. بینەر کاری جددی و باشی دەوێت و کوالێتییەکی بەرزی  لە هەموو ڕوێکەوە دەوێت.

بەهاددین نوری لە ساڵی 1956 له دایک بووە و دەرچووی ئامادەییە و مامۆستای خانەنشینە، له ناوەڕاستی هەشتاکانەوە کاری هونەری دەکات و تاوەکو ئێستاش لەکاری هونەری بەردەوامە.