فێستیڤاڵی ساڵانەی کریسمس لە عەنکاوە بەڕێوەدەچێت
ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت
K24 - هەولێر
فێستیڤاڵی ساڵانەی کریسمس لە عەنکاوە، بە ئامادەبوونی ژمارەیهکی بەرچاو لە کریستیانەکان دەستیپێکرد، کە ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت.
کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان لە کەشوهەوایەکی ئارام جەژنەکانی کریسمس و سەری ساڵی نوێی زایینی بهڕێ دەکەن و پیرۆزبایی ئەو بۆنە و یادانە لە یەکتر دەکەن.
هاووڵاتییەکی کلدان-ی دانیشتووی شارۆچکەی عەنکاوە بە کوردستان24ـی گوت: هەر "یەکێکمان لە کورد، ئاشوور و کلدان تایبەتمەندی خۆی هەیە، راستە لە ئایین و نەتەوە جیاوازیمان هەیە، بەڵام هەموومان ئینتیمام و خۆشەویستیمان بۆ کوردستان هەیە".
ساڵانە لە 22ی دیسێمبەرەوە، فێستیڤاڵی کریسمس کە تایبەتە بە کرستیانەکان لە هەولێر دەستپێدەکات، جیا لە ئاهەنگ و خۆشی دەرفەتێکیشە بۆ بازاڕی چەندین خواردن و خواردنەوە.
دانیشتوویەکی دیکەی عەنکاوە، گوتی: "وەک کرستیانێک ئەوە سێیەمین ساڵە، بەشداری لەم فێستیڤاڵە دەکەین، دڵمان خۆشە و دێنە بۆ فێستیڤاڵ، هیوادارین پێکەوەژیانمان هەر بەخۆشی بێت".
بەشداربووەیەکی دیکەی فێستیڤاڵی کریسمس، دەڵێت: "فێستیڤاڵەکە هەموو ساڵێک لە عەنکاوە دەکرێت بەشێوەیەکی رێک و پێک، هێزەکانی ئاسایشی کوردستان تەواوی ئەمنی هەموولایەک دەپارێزن، بەتایبەت مەسیحییەکان کە پارێزگارییان لێدەکەن، کەشوهەوایەکی ئاراممان بۆ دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی مەسیحییەکان دڵیان خۆشبێت و فێستیڤاڵەکەیان بەباشی بەڕێوەبەرن".
فێستیڤاڵی کریسمس کە ساڵانە لە هەولێر و عەنکاوە بەڕێوەدەچێت، جیا لەوەی کە دەرفەتێکە بۆ کرستیانەکان کە پێکەوەبن ساڵیادی عیسای مەسیح و ساڵی نوێ پیرۆز دەکەن، لە هەمانکاتیشدا دەرفەتێکە بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە کوردستان وڵاتێکە بۆ پێکەوەژیان.