ئەمەریکا بۆ کوردستان24: پشتیوانی لە هەرێمێکی سەقامگیر لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا دەکەین
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پشتیوانی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا بەشێوەی دەستوور دەکەین
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، واشنتن پشتیوانی لە عێراقێکی خاوەن سەروەری، یەکگرتوو و فیدراڵ و هەرێمێکی کوردستانی عێراقی سەقامگیر و گەشەسەندوو لە چوارچێوەیدا دەکات، هەروەها پشتگیری لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بە گفتوگۆ و بە گوێرەی دەستوور دەکات.
شەممە 28ی تشرینی دووەمی 2026، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ماڵپەڕی کوردستان24ی گوتی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتیوانی لە عێراقێکی خاوەن سەروەری، یەکگرتوو و فیدراڵ و هەرێمێکی کوردستانی سەقامگیر و گەشەسەندوو لە چوارچێوەیدا دەکات.
گوتەبێژەکە دووپاتیشی کردەوە: ئێمە پشتیوانی لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەکەین لە رێگەی گفتوگۆوە و بە شێوەیەک کە لەگەڵ دەستووری عێراقدا بگونجێت.
ئەم هەڵوێستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چەند رۆژی رابردوودا گرژیی تێ کەوتووە، لە دوای بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لەبارەی کێڵگە نەوتییەکان، دەروازە سنوورییەکان و راگرتنی کاتیی بەشە بەرهەمە نەوتییەکانی کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی سنووری دەسەڵاتی هەرێم و بڵاوەپێکردنی هێزە فیدراڵییەکان لە سنوورەکاندا.
لە بەرامبەردا سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم و هەردوو پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیارە تاکلایەنەکان و زمانی سەربازییان ڕەت کردەوە و داوای پابەندبوون بە دەستووریان کرد؛
هاوکات رۆژی پێنجشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2026 هەزاران هاووڵاتی لە بەردەم قەڵای هەولێر بۆ پشتگیریکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانیان کرد و ئامادەییش نیشان دراوە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆ نیشتمانییەکەی 1ی کانوونی یەکەم بە سەرپەرشتیی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق.