پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا و ئۆکرانیا بەرەو ساردی دەچن
جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی گرژیان هەبوو، ئەمەش دوای ئەوە هات ئۆکرانیا بێ هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی و بەبێ هیچ ئاگادارییەکی پێشوەختە، هێرشی کردە سەر دوو کەشتیی رووسیا لە کەناراوەکانی لیبیا.
ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا یەکێکە لە دیارترین و نەگۆڕترین پشتیوانانی سەرۆکی ئۆکرانیا، بەڵام تۆنی قسەکانی لە دوای هێرشەکانی سەرەتای هەفتەی رابردوو بۆ سەر کەشتییەکی جەنگی و کەشتییەکی بارهەڵگری رووسیا لە بەنغازی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی تووڕەیییەکەی هێور نەبووەتەوە، لە کاتێکدا مێلۆنی هێشتا لەسەر ئاستی ناوخۆش مامەڵە لەگەڵ لێکەوتەکانی ئەو هێرشانە دەکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە رایگەیاند، هێرشەکەی ئۆکرانیا پەیوەندییەکانی نێوان کیێڤ و رۆمای بەرەو ساردی بردووە، لە کاتێکدا پێشتر پەیوەندیی نێوانیان تەواو دۆستانە بوو.
هەینی، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە دوور بوو لە نەریتی دیپلۆماسی و تێیدا هاتووە: "کردارەکە سەروەریی لیبیای پێشێل کردووە و مەترسیی ئەوەی لێ دەکەوێتەوە ململانێکە بۆ دەریای ناوەڕاست پەرە بستێنێت".
ئەم گێڕانەوەیەی بەرپرسانی ئیتاڵیا بە ئاشکرا پێچەوانەی لێدوانەکانی پێشووی سەرۆکی ئۆکرانیایە، کاتێک لە لێدوانێکیدا بۆ بی بی سی گوتی: "هێزەکانی ئۆکرانیا هەرگیز بەبێ راوێژکردن لەگەڵ هاوبەشەکانیان هێرشی لەو شێوەیە ئەنجام نادەن".
لەلایەکی دیکەوە مێلۆنی خۆی بۆ هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو ئامادە دەکات کە لە نێو هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار و ریزەکانی ئۆپۆزیسیۆندا، زۆر لایەن هەڵوێستی سیاسییان گرتووەتەبەر کە بە فراوانی بە لایەنگری لە رووسیا دادەنرێن.