عەبوودی: رێزگرتن لە پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان پابەندبوونێکی یاسایی جێگیرە
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق دەڵێت: رێزگرتن لە پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵیدا، پابەندبوونێکی یاسایی جێگیرە.
هەینی، 27ـی تشرینی دووەمی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەت بە گیانێکی نیشتمانییەوە کە پشت بە دەستوور دەبەستێت، چاوەڕوانی ئەو گفتوگۆیە دەکات کە بڕیارە لە 1ـی کانوونی یەکەمدا بەڕێوەبچێت.
هەروەها روونی کردەوە، رێزگرتن لە پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵیدا، پابەندبوونێکی یاسایی جێگیرە.
جەختیشی کردەوە، کورد بەشێکی رەسەنی پێکهاتەی نیشتمانیی عێراقە و هەموو عێراقییەکانیش لە ماف و ئەرکەکاندا یەکسانن.