پۆلیسی کەرکووک: هەوڵی تیرۆرکردنی کاندیدێکی دەرچوو راست نییە

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک رەتیدەکاتەوە، هەوڵی تیرۆرکردنی کاندیدێکی دەرچووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک درابێت.

لە روونکردنەوەیەکدا فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، لە هەندێک پێگەی سۆشیال میدیا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە هەوڵی تیرۆرکردنی یەکێک لە کاندیدە دەرچووەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دراوە، کە ئەو هەواڵە راست نییە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ئۆتۆمبێلەی گولـلەی بەرکەوتوون، هی یەکێک لە هاوڕێکانی ئەو کاندیدەیە و کەس لەناو ئۆتۆمبێلەکە نەبووە.

فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک راشیگەیاندووە، پێویستە پێش بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک لە سەرچاوەی فەرمی پشتڕاست بکرێتەوە.

ئەم روونکردنەوەی پۆلیسی کەرکووک دوای ئەوە دێت د. ئەحمەد کەرکووکی کاندیدی دەرچووی یەکێتی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاندبوو: "هەوڵی تیرۆرکردنم دراوە".