لە کەرکووک چەند مۆڵگەیەکی داعش لەناوبران
بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق رایگەیاند، هێزەکانیان سێ مۆڵگەی داعشیان لە پارێزگای کەرکووک وێران کردووە و دەستیان بەسەر بڕێک چەک و کەرەستەی لۆجیستیدا گرتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ راوەدونانی پاشماوەکانی ئەو رێکخراوە، یەکە هەواڵگرییەکانی سەر بە فیرقەی هەشتی پیادە توانییان سێ مۆڵگەی داعش لە کەرکووک ئاشکرا بکەن کە بۆ پشتیوانی و دابینکردنی پێداویستیی لۆجیستیی چەکدارەکانی بەکاردەهاتن.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاشکرایکرد، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری و چاودێریی مەیدانیی پێشوەختە بەڕێوەچووە. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بڕێک خۆراک و پێداویستیی لۆجیستی و کڵاشینکۆفێک و سێ مەخزەن و 30 فیشەک، لەگەڵ چەندین کەلوپەلی دیکە دەستیان بەسەردا گیراوە.
تیمەکانی ئەندازیاری بەپێی رێکارەکان مامەڵەیان لەگەڵ کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکان کردووە و لەناویان برد.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم ئۆپەراسیۆنە درێژکراوەی هەوڵە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازییە بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی پشتیوانیی داعش و پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانیان بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات.