وەزارەتی بەرگری تورکیا: 29 پێگەی پەکەکەمان بە ئامانج گرتووە
K24 - هەولێر
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنییە ئاسمانییەکاندا 29 ئامانجیان پێکاوە کە بنکە و بارەگای پەکەکە بوون، ژمارەیەک چەکداریش کوژراون.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەژێر ناوی "لە پێناو شەهیدەکانمان" راگەیەندراوێکی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی لە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و سووریا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە: " لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانە کە لە 29 ئامانج پێکهاتبوون لە ئەشکەوت، حەشارگە، پەناگە، دامەزراوەی نەوت و کۆگا لەناوبران، کە لەلایەن پەکەکە بەکارهێنراون".
لەلایەکی دیکە وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاندووە: " پێنج چەکداری پەکەکە کە لە ناوچەی قەڵغانی فورات کە ئامادەکارییان دەکرد بۆ هێرشکردنە سەر سوپای تورکیا، لەلایەن کۆماندۆکانی سوپای تورکیاوە بە ئامانج گیراون".