ئیسرائیل کوژران و برینداربوونی 10 سەربازی راگەیاند
K24 - هەولێر
سوپای ئیسرائیل، رایگەیاند، لە ماوەی چەند کاتژمێری رابردوودا لە شەڕە بەردەوامەکانی کەرتی غەززە، 10 سەربازیان کوژراون و برینداربوون.
ئەمرۆ پێنجشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2023، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە شەڕەکانی کەرتی غەززە سێ سەربازیان کوژراون و حەفت سەربازی دیکەش برینداربوون.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی کوژراوانی سوپاکەیان کە لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا گەیشتە 11 سەرباز و ئەفسەر.
هەروەها کۆی گشتی سەربازە کوژراوەکانی سوپای ئیسرائیل لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکەی سەر کەرتی غەززە، بۆ زیاتر لە 165 کوژراو بەرزبووەتەوە کە ئەفسەریشیان تێدایە.
دوای هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر، ئیسرائیل هەڵمەتێکی چڕی بۆردومانی ئاسمانی و گەمارۆدانی دەستپێکرد، دواتر ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە ئەنجامدا.
وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا 21 هەزار و 110 کەس کوژراون و 55 هەزار و 243 کەسیش بریندار بوون.