راپرسییەک: بولگاریا دڵتەنگترین و نەمسا دڵخۆشترین وڵاتی ئەوروپان

K24 – هەولێر:

دەزگای فەرمی یەکێتی ئەوروپا لە رێگەی راپرسییکەوە ریزبەندی دڵتەنگترین و دڵخۆشترین وڵاتی ئەوروپای ئاشکراکردووە، هاوکات بە گوێرەی راپۆرتەکە ریزبەندەکە لە چاو ساڵانی پێشوو گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (28ـی کانوونی یەکەمی 2023) بە گوێرەی ئەنجامی راپرسییەک کە دەزگای فەرمی یەکێتی ئەوروپا، "Eurostat" بڵاویکردووەتەوە تێیدا ئاشکرایکردووە، بولگاریا دڵتەنگترین وڵاتی یەکێتی ئەوروپایە، لە بەرامبەردا نەمساش لە پلەی دڵخۆشترین وڵاتی ئەوروپادایە.

بە کۆی گشتی نمرەی رەزامەندی لە ژیان لە بولگاریا  5.6 بووە، کە تاکە وڵات بووە لە نێوان 27 وڵاتی ئەندام کە بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە کە دانیشتووانی خۆیان تێکڕا بە ناڕازی و دڵتەنگ وەسفکردووە.

ئەڵمانیا دووەم دڵتەنگترین وڵاتی کیشوەرەکە بوو، بە تێکڕای نمرەی رەزامەندی لە ژیان 6.5  بووە، کە دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی لە چاو ساڵی رابردوو کە 7.1 بوو.

لە کاتێکدا لە راپرسییەکەدا داوا لە بەشداربووان نەکراوە هۆکاری تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی خۆیان بخەنەڕوو، بەڵام چەندین راپرسی کە لەم مانگەدا ئەنجامدراون ناڕەزایی بەرفراوانیان لە حکومەتی ئەڵمانیا نیشانداوە کە رووبەڕووی قەیرانی دارایی و قەیرانی متمانە بووەتەوە.

یۆنان لە پلەی سێیەمی دڵتەنگترین وڵاتادایە و تێکڕای نمرەی رەزامەندی لە ژیاندا 6.7 بووە، لە کاتێکدا نەمسا بەختەوەرترین وڵات بوو لە کیشوەرەکەدا، کە دانیشتووانەکەی دڵخۆشی خۆیان بە 7.9 هەڵسەنگاندووە. هاوکات فینلاند، پۆڵەندا و رۆمانیا لە ریزبەندی دووەمن لە بەختەوەرترین وڵاتان بە کۆکردنەوەی 7.7 خاڵ.

پێدەچێت ریزبەندییەکان پشتگیری لەو بیرۆکەیە بکەن کە پارە ناتوانێت بەختەوەری بکڕێت، نە رۆمانیا و نە پۆڵەندای پلەی دووەم لە ساڵی 2022دا داهاتێکی بەرزی سەرتاسەرییان بەدەست نەهێناوە، رۆمانییەکان بە تێکڕا داهاتێکی کەمتریان بەدەستهێناوە لە چاو دراوسێ دڵتەنگەکەیان کە بولگاریایە.

گەنجان لە تەمەنی 16-29 ساڵ بە گشتی دڵخۆشتر بوون لە چاو ئەوانەی سەرووی 65 ساڵن، هەروەها پێدەچێت ئاستی خوێندن جێی متمانەترین نیشاندەری رەزامەندی ژیان بێت لە هەر 27 وڵاتی ئەوروپادا.

ئەو کەسانەی بڕوانامەی زانکۆیان هەیە، ئاستی دڵخۆشییان زیاترە لە هاوتەمەنەکانیان کە وازیان لە خوێندن هێناوە، ئەمەش لە سلۆڤاکیا بۆ 1.6 خاڵ زیاترە.

هەروەها منداڵبوون پەیوەندی بە دڵخۆشی زیاترەوە هەبووە، ئەو خێزانانەی کە منداڵیان هەیە، نمرەی رەزامەندی لە ژیانیان بە 0.6 خاڵ زیاتر لەو خێزانانەی کە منداڵیان نییە.

Fly Erbil Advertisment