ئەمەریکا گرێبەستێکی فرۆشتنی چەکی بە بڕی 147 ملیۆن دۆلار بۆ ئیسرائیل پەسەند کرد

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رێککەوتنێکی ئەگەری بۆ فرۆشتنی چەکی "ئێم 107" 155 ملم، و کەرەستەی پەیوەندیدار بە ئیسرائیل بە بەهای 147.5 ملیۆن دۆلار پەسەند کردووە.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند بلینکن گوتویەتی: " باری نائاسایی هەیە کە پێویستی بە فرۆشتنی دەستبەجێی ئەو چەکانە هەیە بە ئیسرائیل"، هەروەها داواکارییەکانی کۆنگرێس بۆ پێداچوونەوە بە رێککەوتنەکە رادەگرێت.

بلینکن رایگەیاندووە، " بە رەچاوکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمەریکا و پابەندبوونی بە ئاسایش و هەڕەشەکانی ئیسرائیلەوە، رووداوێکی لەناکاو هەیە کە پێویستی بە فرۆشتنی دەستبەجێی کەرەستە و خزمەتگوزارییەکانی بەرگری هەیە بە حکومەتی ئیسرائیل و دەبێت کۆنگرێس واز لەپێداچوونەوە بە رێککەوتنەکە بهێنێت".

ئەو گوتیشی: "ئیسرائیل ئەو چەکانە بەکاردەهێنێت بۆ بەهێزکردنی بەرگرییەکانی و وەک رێگرییەک لە هەڕەشە ناوچەییەکان".

هەروەها رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنوت" رۆژی سێشەممە، 26-12-2023 بڵاوی کردەوە، سوپای ئیسرائیل لە چەند هەفتەی رابردوودا داوای لە "پێنتاگۆن" کردبوو، بۆ بەهێزکردنی هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی، هەلیکۆپتەری سەربازی ئەپاتچی پێبدات، بەڵام ئەمەریکا لە ئێستادا ئەو داواییەی رەت کردووەتەوە.

پێشتریش کەناڵی 12ـی عیبری لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، لە سەرەتای شەڕی غەززەوە، ئەمەریکا بە 244 فڕۆکە و 20 کەشتی، زیاتر لە 10 هەزار تۆن چەک و کەرەستەی سەربازییان گەیاندووەتە ئیسرائیل.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل، چەکی زیادەی بە بەهای 40 ملیار شیکل کە دەکاتە دوو ملیار و 800 ملیۆن دۆلار لە ئەمەریکا کڕیوە.

شەڕ و پێکدادانەکان لە کەرتی غەززە بۆ رۆژی 86مین بەردەوامی هەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دانیشتووانی غەززە لە دۆخێکی خراپی مرۆیی دان، هەروەها ژمارەی قوربانیانی کەرتی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە 21 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، زیاتر لە 55 هەزار برینداریش تۆمارکراوە، هەروەها سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کە زیاتر لە 500 سەربازی لە شەڕەکانی کەرتی غەززەدا کوژراون.