تۆمەتبارێكی رووداوی كوشتنی پۆلیسەكەی كەركووك دەستگیركرا

کەرکووک
کەرکووک

K24 – هەولێر:

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی کەرکووك بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، یه‌كێك له‌و کەسانەی کە لە بازاڕی له‌نگه‌ی كه‌ركووك تەقەی لە پۆلیسێک کردبوو، دەستگیرکرا.

ئەمڕۆ دووشەممە (1ـی کانوونی دووەمی 2024) سەرچاوەیەك لە پۆلیسی کەرکووك بە کوردستان24ـی راگەیاند، یەکێک لەو دوو چەکدارەی کە له‌نێو بازاڕی له‌نگه‌ی كه‌ركووك پۆلیسێكیان شه‌هیدكردبوو، پۆلیسێك و هاووڵاتییه‌كی دیکەی مه‌ده‌نیان برینداركردبوو دەستگیرکرا. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، چەکدارەکە له‌ سنووری ناحیه‌ی له‌یلان ده‌ستگیركراوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە لەنێو بازاری لەنگەی کەرکووک دوو چەکداری نەناسراو هێرشیان کردبووە سەر دوو پۆلیس، کە لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا پۆلیسێکیان شەهید بوو، پۆلیسێکیش برینداربوو.

بەپێی ئەو گرتەڤیدۆییانەی کە لە کامێرەکانی چاودێری دەرکەوتبوون، چەکدارەکان دەمامکیان بەستبوو لەنێو بازاڕی لەنگەکەدا تەقەیان دەکرد، کە لە ئەنجامدا کارمەندێکی پۆلیس شەهید دەکەن و کارمەندێکی دیکە و هاووڵاتییەکی مەدەنیش بریندار دەکەن.

کارمەندە کوژراوەکەی پۆلیس کوردە و ناوی شوان تاهیرە، تەمەنی 38 ساڵە و خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە، لەدوای توێکاری تەرمەکەی، رادەستی خانەوادەکەی کرایەوە و لە گۆڕستانی دەروازە بەخاك سپێردرا.

کەسوکاری پۆلیسەکە گوتیان: شوان کێشەی لەگەڵ کەسدا نەبووە و لەو بڕوایەدان رووداوەکە تیرۆرستی بێت.

هەر لەمبارەیەوە عەلی موتەشەر، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، "لە رووداوە سەرەتاییەکانەوە دەرکەوتووە رووداوەکە تەواو تیرۆرستی بووە، چونکە لە شیوازی تاوانەکەدا دیارە کە ئەمە رووداوێکی کەسی تایبەتی نییە، پشت بە خوا لە چەند کاتژمێری داهاتوودا تاوانبارەکان دەستگیردەکرێن".

Fly Erbil Advertisment