عەبدولڕەحمان جەزائیری: سەردانەکەی مەسرور بارزانی دەرفەتێکی گرنگە بۆ چارەسەری ریشەیی کێشەکان

سەرکردەیەک لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرکردە سیاسییەکان دەرفەتێکی روون و زۆر باشە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی مووچە و دانانی ستراتیژییەتێکی روون لە نێوان هەولێر و بەغدا، هاوکات جەختی کردەوە کە دەبێت ماڵی کوردی یەکدەنگ بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەرجە تەعجیزییەکان.

دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرکردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی رۆژ"ی کەناڵی کوردستان24 کە لەلایەن ژینۆ محەممەد پێشکەش دەکرێت، ئاماژەی بەوە کرد: "سەردانەکەی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران و نوری مالیکی، دەرفەتێکی گرنگی رەخساند تاوەکو لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشتنێکی گەرم بۆ تاوتوێکردن و چارەسەرکردنی تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بێتە کایەوە."

سەرکردەکەی دەوڵەتی یاسا باسی لەوە کرد کە دەبوو لە مێژە حکوومەتی عێراق ستراتیژییەتێکی دروستی بۆ کێشەکانی هەرێمی کوردستان هەبووایە و گوتی: "لە سەردەمی هەموو حکوومەتەکانی پێشوودا هەمیشە هەمان کێشەی مووچە دووبارە دەبووەوە کە هەرێمی کوردستان بەدەستییەوە دەناڵێنێت. ئێستاش کە لەگەڵ حکوومەتی بەغدا بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی و هاوبەشەکانی لە چوارچێوەی هەماهەنگی گفتوگۆ دەکرێت، پێویستە کۆتایی بەو دۆخە بهێنرێت."

جەزائیری سەرنجی خستە سەر پرسی بودجە و ماددەی 140 و گوتی: لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەدا چەندین مەرج دانراون کە رەنگە هەندێکیان تەعجیزی بن بۆ سەر هەرێمی کوردستان و دەبێت چارەسەر بکرێن. هاوکات پرسی جێبەجێکردنی ماددەی 140 و فرۆشتنی نەوت لە رێگەی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆوە دەبێت رێککەوتنی ریشەییان لەسەر بکرێت تا کێشەی مووچەخۆران دروست نەبێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ کوردستان24، عەبدولڕەحمان جەزائیری هۆشداریدا لە لێکەوتەکانی ناکۆکیی ناوماڵی کورد لەسەر دەستکەوتەکانیان و راشیگەیاند: "پەرتەوازەیی هەڵوێستی سیاسیی لایەنە کوردییەکان، کاریگەریی نەرێنی لەسەر بڕیارەکان لە بەغدا دروست دەکات.

گوتیشی: لە لایەکی دیکەشەوە دەستوەردان و گوشارە دەرەکییەکان رۆڵیان هەیە لەوەی بەغدا بەو شێوازە ئابوورییە مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بکات. بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە کە بڕیارێکی یەکگرتووی سیاسی لە نێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستان هەبێت تاوەکو بە یەکڕیزی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکرێن."

عەبدولڕەحمان جەزائیری ئاماژەی بە دەرەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی کرد و گوتی: "ئەگەر بە رێژە باسی بکەم، دوای سەردانی مەسرور بارزانی بۆ نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا زیاتر لە 60%ی بابەت و کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر کراون یان لەسەر رێگەی چارەسەرن. سەردانەکە ئومێدێکی زۆر گەورەی دروستکرد و زۆربەی کێشەکانی تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم لێکگەیشتنیان لەسەر کرا."

سەرکردەکەی دەوڵەتی یاسا بە راشکاوی باسی لە کەمتەرخەمییەکانی حکوومەتی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند: "زۆربەی ئەو پڕۆژە و وەبەرهێنانەی لە هەولێر و شارەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون، بەغدا شایستە و مافی دارایی پێویستی پێنەداون. ئێستاش خەڵکی هەرێمی کوردستان تەنیا مووچە وەردەگرن، سەرباری ئەوەی ماددەی 140یش تاوەکو ئێستا بە هەڵپەسێردراوی هێڵراوەتەوە."

جەزائیری سەرنجی خستە سەر دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و گوتی: "عێراق بە رەوشێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕێت و ئەگەری روودانی جەنگێک لە نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە ئارادایە کە رەنگە ببێتە هۆی پەککەوتنی فرۆشتنی نەوتی عێراق. لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕیاری کەمکردنەوەی خەرجییەکان دەدات، سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا و داواکارییەکانی بۆ دەرهێنانی مووچە لە ئینفاقی فیعلی بڕیارێکی ستراتیژی بوو تاوەکو قووتی فەرمانبەرانی هەرێم پارێزراو بێت."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەبدولڕەحمان جەزائیری هۆشداری دا لەوەی دەستوەردانی سیاسی لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان نەکرێت و گوتی: "بەداخەوە هەندێک کەس و لایەن هەوڵ دەدەن لە دەرگای ناکۆکیی بڕیاری سیاسیی لایەنە کوردییەکانەوە دەستوەردان بکەن بۆ تێکدانی ئەم لێکگەیشتنانە. بۆیە هیوادارین عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چارەسەرێکی بنەڕەتی و یەکلاکەرەوە بگرێتەبەر و نابێت جارێکی تر بەهۆی بڕیاری سیاسی یان وەزارەتی داراییەوە هەمان کێشەی مووچە بۆ سەر شانی هاووڵاتییان بگەڕێتەوە."