ئەردۆغان: سوورین لەسەر سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی

سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە شنگال هەنگاوی بەنرخ نراون و زیاتر لە چوار هەزار ئەندامی پەکەکە چوونەتە ڕیزی هێزەکانی عێراقەوە، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە پاشگەزبوونەوە لە پرۆسەی ئاشتی نییە و بە سەرکەوتوویی دەیگەیەننە ئەنجام.

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتەکەی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا چەند پەیامێکی گرنگی سەبارەت بە دۆخی شنگال و پڕۆژەی ئاشتی خستەڕوو.

ئەردۆغان لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی شنگال کرد و رایگەیاند: "لە شنگال بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و چۆڵکردنی ئەشکەوتەکان هەنگاوی بەنرخ و گرنگ نراون."سەرۆککۆماری تورکیا ئاشکراشی کرد "زیاتر لە چوار هەزار ئەندامی پەکەکە پەیوەندییان بە هێزەکانی عێراقەوە کردووە."

لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و دەستپێشخەرییە سیاسییەکان لە وڵاتەکەی، سەرۆککۆماری تورکیا پێداگری لەسەر بەردەوامیی پرۆسەکە کرد و گوتی: "ئێمە سوورین لەسەر سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، هیچ گەڕانەوەیەک لەو پرۆسەیە لە ئارادا نییە و بە دڵنیاییەوە بە سەرکەوتوویی دەیکەینە ئەنجام."

پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا:

26ی تشرینی دووەمی 2024، دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ ئاشتی.

28ی کانوونی یەکەمی 2024، دیداری پەروین بوڵدان و سرى سوورەیا ئۆندەر، شاندی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی.

پەیامی ئۆجەلان "بەهێزکردنی برایەتیی تورک - کورد نەک هەر بەرپرسیارێتییەکی مێژویییە، بەڵکو پرسێکی گرنگ و بەپەلەی چارەنوسسازە بۆ کۆی گەلان. بۆ بەهێزکردنی ئەو پرۆسەیە، گرنگە هەموو بازنە سیاسییەکان لە تورکیا لەسەروی حیساباتی تەسک و کورت مەودا بیربکەنەوە، دەستپێشخەریی بکەن و بونیادنەرانە هەنگاو بنێن و ئەرێنییانە بەشداریی بکەن."

1ی ئاداری 2025 راگەیاندنی ئاگربەست و رەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ. 5-7ی ئایاری 2025، بەڕێوەچوونی کۆنگرەی 12ی پەکەکە. بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری.

11ی تەممووزی 2025، سووتاندنی چەک لەلایەن گرووپێکی 30 کەسی بە سەرۆکایەتیی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە، لە رێوڕەسمێکدا لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری شارۆچکەی دوکان – سلێمانی.