بومەلەرزەیەکی دیکە ژاپۆنی هەژاند

فۆتۆ: AFP
فۆتۆ: AFP

K24 - هەولێر

ئاژانسی کەشناسی ژاپۆن رایگەیاند، بومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 5.5 پلە پارێزگای ئیشیکاوای هەژاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە3ـی کانوونی دووەمی2024، ئاژانسی کەشناسی ژاپۆن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.5 پلە پارێزگای ئیشیکاوا هەژاند، بومەلەرزەکە لە کاتژمێر 10.54 بە کاتی ناوخۆی ژاپۆن تۆمارکراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، بومەلەرزەکە بە قوڵای 10 کیلۆمەتر لە ژێر ئاودا روویداوە، تا ئێستا هیچ مەترسییەکی تسونامی رانەگەیەندراوە. هەروەها دانیشتوانی شاری ئۆساکا و ناوچەکانی دیکەش هەستییان بە بومەلەزەکە کردووە، بەڵام ئەمجارە لاوازتر و بۆ ماوەیەکی کورتیش بەردەوام بووە.

بەپێی ئاژانسی کەشناسی ژاپۆن، لە رۆژی سەری ساڵەوە زنجیرەیەک بوومەلەرزەی بەهێز لە رۆژئاوای ژاپۆنیداوە و بەهێزترین پلەش گەیشتە 7.6، لەرزینەکە لە ئۆساکا و کیۆتۆ و تۆکیۆش هەستیان پێکراوە.

فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، کە ئەو بوومەلەرزە بەهێزانەی ناوەڕاستی ژاپۆنیان هەژاندووە، زەرەر و زیانی ماددی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی دوایین داتاکان ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزەکە گەیشتووەتە 62 کەس و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش برینداربوون و هەندێکیشیان هێشتا لە ژێر داروپەردوودان.

لە ماوەی ئەو چەند رۆژدا 87 جار بومەلەرزە بە بەهێزترین پلەی روپێوی ژاپۆنییەکان لەم ناوچەیەدا تۆمارکراون، بە گوتەی شارەزایانی کەشناسی و بومەلەرزە، بۆماوەی هەفتەیەک ئەگەری بومەلەرزەی دیکە هەیە.

هەروەها دوای بومەلەرزەکە هەڕەشەی تسونامی بۆ تەواوی کەناراوەکانی رۆژئاوای ژاپۆن راگەیەندراوە.

بومەلەرزەکە چەند باڵەخانەکانی وێران کرد و جوڵەی شەمەندەفەرە خێراکانی راگرت و زیاتر لە 32 هەزار ماڵ بێ کارەبا بوون. لە هەندێک ناوچە ئاو و پەیوەندییەکان پچڕان، هەروەها رێگاکانی ئۆتۆمبێلیش وێران بوون، بەڵام لە هەمان کاتدا هیچ وەستانێک لە کارکردنی وێستگە ئەتۆمییەکان تۆمار نەکراوە.

ئا: لاڤین عومەر

Fly Erbil Advertisment