لە ئەمەریکا مامۆستایەکی ئاینی لەبەردەم مزگەوتەکەی کوژرا
K24 - هەولێر
دوینێ چوارشەممە، پێشنوێژی مزگەوتێکی ئەمەریکا، لە بەردەم مزگەوتەکەیدا لە نیوراک کوژرا، دەسەڵاتدارانی ویلایەتی نیوجرسی رایانگەیاند، لە ئێستادا هیچ پاڵنەرێکی رەگەزپەرستی بۆ تاوانەکە روون نەبووەتەوە.
مات پلاتکین، داواکاری گشتی ویلایەتی نیوجرسی رایگەیاند، ئەو کەسەی کوژراوە ناوی "حەسەن شەریف"ـە، لە بەیانی رۆژی چوارشەممەدا، 3-1-2024 چەند فیشەکێکی بەرکەوتووە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، دوای چەند کاتژمێرێک لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
هێرشەکە لە بەردەم مزگەوتی محەمەد لە نیوارک روویداوە، کە کوژراوەکە پێشنوێژی بۆ نوێژخوێنانی ئەو مزگەوتە دەکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، "هێشتا نازانین پاڵنەری پشت ئەم تاوانە چییە، بەڵام ئەو بەڵگانەی تا ئێستا کۆکراونەتەوە ئاماژە بەوە ناکەن ئەوەی روویداوە کردەوەیەک بووە کە پاڵنەری لایەنگری بووە یان کردەوەیەکی تیرۆری ناوخۆیی بووە".
گوتیشی: "لە ژێر رۆشنایی رووداوە جیهانییەکان، کۆمەڵگای موسڵمانان لە ویلایەتی نیوجرسی هێشتا هەست بەترس دەکەن".
داواکاری گشتی روونیکردەوە، کە ژمارەی موسڵمانانی ئەمەریکا لە ویلایەتی نیوجرسی 300 هەزار کەسە.
لەوەتەی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس هەڵگیرساوە، هێرشی دژە ئیسلامی و دژە جوولەکە لە سەرانسەری ئەمەریکادا زیادی کردووە.
لە بەرامبەردا تێد ستیڤنز، داواکاری گشتی ویلایەتی ئێسکس رایگەیاند، پیشنوێژی مزگەوتەکە زیاتر لە فیشەکێکی بەرکەوتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "پێناچێت ئەو پێشنوێژە قوربانی تاوانێکی لایەنگری بووبێت یان ئەو بابەتە پەیوەندی بە تیرۆرەوە هەبووبێت".
راشیگەیاند: ئێمە پابەندین بە بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ بنەماڵەی پێشنوێژەکە، ئەوەی روویدا بە تاوانێکی خیانەتکارانەی وەسف کرد.
لای خۆیەوە ئیدارەی ئاسایشی گواستنەوەی ئەمەریکا "TSA" رایگەیاند، کوژراوەکە لە ساڵی 2006ەوە وەک وردبینیکاری ئەمنی لە فڕۆکەخانەی نیوارک کاری کردووە.