یەکێتی مامۆستایان لەبارەی سوتانی ژمارەیەک ناسنامە روونکردنەوە دەدات

K24 – هەولێر

یەکێتی مامۆستایانی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو ناسنامانەی لەگەڵ هەندێک کەلوپەل سوتاون بە هەڵە بووە، داوای لێبوردنیش لەو کەسانە دەکەن کە بە سوتانی ئەو ناسنامانە نیگەران بوونە.

مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت: "یەکێتی مامۆستایان لە دەسپێکی دامەزراندنیەوە تا ئەم ساتە فێرگەی پەروەردە و نیشتمان و نەتەوە پەرەوەری و رێز و پێزانی زانی بووە، بە شانازیەوەش پەیڕەو و پیادەی ئەو پرەنسیپانەی کردووە،  وەکو گەواهیش بۆ ئەو راستیە، هەر پێشهاتێک هاتبێتە پێشەوە، هەڵوێست و راو سەرنجی فەرمی خۆی هەبووە، بێ دوودڵی رایگەیاندووە،  ئەو گردەهەماییە رۆژی چوارشەممەش رێککەوتی 2ی کانونی دووەم لەو چوارچێوەیەدا بوو، بە داخەوە بەهۆی نەزانینی کارمەندێک کارتۆنێکی هەویەی کۆنی ساڵی 2016 کە لە بنەڕەتدا بڕیاری سوتاندنی درابوو لەگەڵ کۆمەڵێک کەلوپەلی ماوە بەسەرچوو بەکارهات  بۆ لەسەر وەستانی قسەکەرەکان بۆ میدیاکان، لە لایەن هەندێک میدیا قۆزرایەوە وەک ئەوەی هەنگینیان لە کلۆرە دارا دۆزیبێتەوە، گەورە کرا و کرایە شێوە توانج و تەنزێک لە یەکێتی مامۆستایان، بێ ئاگا لەوەی ئەرشیفی یەکێتی مامۆستایان پڕە لە دیکۆمێنتی هەفتاکان و هەشتاکان، نەوەدەکان بە دواوەش بە زیادەوە".

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "ئەو هەویانەش هەر بەشێک بوونە لەو ئەرشیفە سەرباری بڕیاری سوتانیان هەبووە، بەڵام وەک رێزێک بۆ ناو و وێنە و واژوەکان دەستمان نەچووە سوتاندنیان، چ جای ئەوەی هاتە پێش و کرا بە بابەتێکی تەنزئامێز، بۆ ئەوە ئێمە سەرباری ئەوەی بە نەزانینەوە بووە زۆر داوای لێبووردن  لە هەر  کەس و لایەنێک دەکەین  ئەگەر هەستی بە نیگەرانیەوە کردبێت، هەقیشە میدیا بەڕێزەکانیش بەر لەوەی بیکەنە سەردێری باسو خواسەکان و لایەن و خەڵکانێک  ناڕحەت و نیگەران بکەن، پرسیار و رونکردنەوە داوا بکەن وەکو ئیتیکی رۆنامەنووسی و راگەیاندن".

یەکێتی ماموستایان، دەشڵیت: "هیوادارین بەو روونکرنەوە و  داوای لێبوورنە ئەوەی بەو دیمەنە نیگەران بووە بمان بەخشێت، ئەوانەشی لە هەل دەگەڕێن بۆ تواتج دان لە بەرامبەر،  باشترە واز لەو ئەدگارە بێنن، چونکە بێشک ئەگەر  یەکجار زیان بە کەس و لایەنێک بگەیێنن، دەیان جار زیان بە خۆیان  و مینبەرەکەیان و  راستگۆییان دەگەیێنن".