حكومەت 40 ملیار دیناری بۆ ڕێگری لە دروستبوونی لافاو لە هەولێر خەرجكردووە
K24 - هەولێر
بۆ ڕێگری لە دروستبوونی لافاو؛ حكومەتی هەرێمی کوردستان 40 ملیار دیناری لە ڕێڕەوی لوولەیی و سندووقی، لە سنووری پارێزگای هەولێر خەرجكردووە.
لەپێناو ڕێگری و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو لە شاری هەولێر و دەوروبەری، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 40 ملیار دیناری بۆ دروستکردنی ڕێڕەوی لوولەیی و سندووقی، خەرج کردووە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "بۆ ڕێگریكردن لە لافاو، ژمارەیەك پۆند و ئاوەڕۆی لوولەیی و سندووقی دروست كراون، ئەوەش مەترسییەكانی لافاوی لە شاری هەولێر كەم كردووەتەوە."
جگە لە دروستكردنی ڕێڕەوی نوێی ئاو، ڕێڕەوە کۆنەکانیش بەردەوام پاک دەکرێنەوە و هەموویان بەیەکترییەوە دەبەسترێنەوە.
ئومێد خۆشناو، گوتیشی: "بەشێك لە ڕێڕەوەكان كۆنكرێت كراون و لە نزیك شارەكانن، بەڵام لە دەوروبەری شارەكان دەبێت لەسەر خۆڵ بێت، تاكوو بۆ ئاوی ژێرزەوییش سوودی هەبێت."
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممە، 03-01-2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەپێناو پاراستنی شاری ھەولێر و دەوبەری لە کاریگەرییەکانی لافاو؛ بە گوژمەی دوو ملیار و 100 ملیۆن دینار، سێ پڕۆژەی ستراتیژی خراونەتە بواری جێبەجێکردن.
پڕۆژەکان وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان پێ دراوە، پێکهاتوون لە کۆنکرێتکردنی ڕێڕەوی سروشتی لە گردجووتیار، کۆنکرێتکردنی ڕێڕەوی سروشتی کۆڕنیش نزیک شاری زیلان و دروستکردنی پردێکی ھەشت چاوە لە گوندی تەندورەی سەر بە ناحیەی شەمامک.