نەبەز عەبدولحەمید: داوامان کردووە بەشی غازی سپی بۆ هەولێر زیاد بکرێت
K24 – هەولێر :
قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بۆ پڕکردنەوەی پێویستیەکانی شاری هەولێر بۆ غازی سپی کە غازی ماڵانە، داوامان کردووە بڕی غازی سپی بۆ هەولێر زیاد بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە (8ی کانوونی دووەمی 2024)، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: نرخی حکوومی بۆ غازی سپی لە هەشت هەزار و 500 دینار بەرزن ەبۆتەوە، هەر کەسێک لەو نرخە زیاتر غاز بە هاووڵاتیان بفرۆشێت، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ نووسراویان بۆ وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە، بۆ ئەوەی بەشی غازی سپی ماڵان بەرز بکەنەوە بۆ 400 تەنی ڕۆژانە، لە کاتێکدا ئێستا 280 بۆ 300 تەن غاز دەگاتە هەولێر، ئەوەش بەشی پێویستی هەولێر ناکات کە هەمیشە بەرەو فراوان بوونە.