ئەمریکا: گەشتی ئەو وڵاتانە نەکەن
وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشدارییەکانی گەشتکردنی بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی نوێکردەوە و ناوی 23 وڵاتی خستە نێو "ئاستی چوارەم: گەشت مەکەن" کە بەرزترین و مەترسیدارترین ئاستی هۆشدارییە، عێراق و چەندین وڵاتی ناوچەکەش لە نێو لیستەکەدان.
دووشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوە فەرمییەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی کراوە بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکان، ململانێی چەکداری، تیرۆر و ناسەقامگیرییەوە، بە هیچ شێوەیەک گەشت بۆ ئەو وڵاتانە نەکەن کە لە ئاستی چوارەمدا پۆلێن کراون.
لە سەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، هەریەکە لە وڵاتانی عێراق، ئێران، سووریا، لوبنان، یەمەن و لیبیا لە نێو توندترین ئاستی قەدەخەی گەشتکردندان.
هاوکات لە ئەورووپا و ئاسیا، وڵاتانی رووسیا، ئۆکراینا، بیلاڕووس، ئەفغانستان، کۆریای باکوور، بۆڕما "میانمار"، و لە کیشوەری ئەمەریکاش وڵاتی هایتی لە لیستەکەدا هاتوون.
لەسەر ئاستی کیشوەری ئەفریقاش، 10 وڵات خراونەتە نێو بەرزترین ئاستی هۆشداریی گەشتکردن، کە بریتین لە: بورکینافاسۆ، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، چاد، کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ، مالی، نەیجەر، سۆماڵ، سوودان، باشووری سوودان و ئۆگەندا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی دەکاتەوە کە ئاستی چوارەم بەرزترین هۆشداریی ئەمنییە بۆ گەشتیاران و رێنمایی هاووڵاتییانی دەکات بۆ زانینی زانیاریی زیاتر لەبارەی دۆخی ئەمنیی هەر وڵاتێک، سەردانی ماڵپەڕی فەرمیی هۆشدارییەکانی گەشت لە وەزارەتەکەدا بکەن.