لەویلایەتی تێکساسی ئەمەریکا تەقینەوەیەک روویدا زیاتر لە 20 کەس بریندار بوون

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی فۆرت وۆرس لە ویلایەتی تێکساسی ئەمەریکا رایگەیاند، دوێنێ دووشەممە، دوای تەقینەوەیەک کە پێدەچێت بەهۆی دزەکردنی غازەوە بووبێت لە هۆتێل ساندمان لە ناوەڕاستی شارەکەدا، لانیکەم 21 کەس برینداربوون.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا هیچ کەسێک نەکوژراوە و دەسەڵاتدارانیش بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی روودانی رووداوەکە دەکەن.

کریگ ترۆگاسیک، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی فۆرت وۆرس رایگەیاند، فریاگوزاری چەند کەسێکیان رزگارکردووە کە لە ژێر زەمینی هۆتێلەکەدا گیریان خواردبوو، ئاماژەی بەوەشکرد، پێنج لە بریندارەکان باری تەندروستی ناجێگیرە، لە کاتێکدا برینەکانی بریندارەکانی دیکەش سوک بوون.

ترۆگاسیک راشیگەیاند، کاری بیناسازی لە باڵەخانەکەدا هەبووە، بەڵام هێشتا روون نەبووەتەوە کە ئایا ئەوە هیچ رۆڵێکی لە تەقینەوەکەدا هەبووە یان نا.