توێژینەوەیەک هۆکارەکانی کەمبوونەوەی بەرهەمی هەنگوین ئاشکرا دەکات
K24- هەولێر
بەگوێرەی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە لە ماوەی دەیەی رابردوودا چەند هۆکارێک هەبووە کە رێگری لە توانای هەنگەکان بۆ بەرهەمهێنانی هەنگوین کردووە، کە ئەمەش هەنگەوانانی ئەمەریکای تووشی سەرسوڕمان کردووە، کە ئەو هەموو هەنگوینە بۆ کوێ چووە؟.
زاناکان دەڵێن: هەندێک وەڵامیان هەیە بۆ هۆکاری دابەزینی بەرهەمهێنانی هەنگوین، کە یەکێک لەوانە ئاماژە بە تێکچوونی ژینگە دەکەن چونکە کاریگەری لەسەر هەموو جۆرە هەنگێک هەیە.
داتاکانی حکومەتی ئەمەریکا دەریانخستووە کە بڕی ئەو هەنگوینانەی لەلایەن هەنگەوانانی ئەمەریکا بەرهەم دەهێنرێن لە ماوەی دەیەی رابردوودا بە تێکڕا بۆ هەر شانەیەکی هەنگوین نزیکەی نیو کیلۆ دابەزیوە.
گابرێلا کوینلان، توێژەر لە بەشی مێروولەزانی و سەنتەری توێژینەوەی هەنگەکان لە ویلایەتی پێنسڵڤانیا دەڵێت: "ئەو بەردەوام لەگەڵ هەنگەوانان کۆدەبێتەوە و گوێبیستی ئەوان دەبێت کە دەڵێن، وەک جاران هەنگوین بەرهەم ناهێنن، ئەمە شتێکە کە ئێمە بەگشتی لە ویلایەتە جیاوازەکان دەیبینین".
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ بە سەرۆکایەتی کوینلان شیکاری بۆ ئەو هۆکارانە کردووە کە کاریگەرییان لەسەر بڕی ئەو گوڵانە هەیە کە لە ناوچە جیاوازەکاندا گەشە دەکەن، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بڕی بەرهەمهێنانی هەنگوین لە دوای خۆراککردنی هەنگەکان، چونکە هەنگە بۆ دروستکردنی هەنگوین پێویستیان بە ڕەگ و گوڵ و ئاو هەیە، کە لە ژینگەی دەوروبەری کەناراوەکان هەیە.
توێژینەوەکە دەرکەوتووە کە چەند هۆکارێک هەن رێگری لە توانای هەنگەکان دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی هەنگوین، لەوانە فراوانبوونی بەکارهێنانی رووەک کوژەکان، گۆڕینی ئەو زەویانەی کە پێشتر دەوڵەمەندبوون بە گوڵ بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان، هەروەها دابەزینی بەرهەمهێنانی تۆوەکان، ئاماژەی بەوەشکراوە، لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە هۆکاری سەرەکی بەرهەمهێنانی هەنگوین گۆڕانی کەشوهەوا بووە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گۆڕانی شێوازی بارانبارین و رووداوە سەختەکانی کەشوهەوا کە زۆرێک زیانی بە هەنگەوانان گەیاندووە.
کریستینا گرۆزینگەر، هاوکار لە توێژینەوەکەدا، گوتی: "ئەمە پەیوەستە بە کەشوهەواوە، تەنها ئەوە نییە کە کەشوهەواکە گەرمتر و تەڕتر بێت، بەڵکو ئەم رووداوە سەختانەی کەهەن مانای ئەوە دەگەیەنن کە تۆ نازانیت کەشوهەوای سبەینێ چۆنە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەتوانین زەوییەکە لە رووی کەمکردنەوەی قڕکەرەوە بەڕێوەببەین، بەڵام دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کە دەتوانین چ رووەکێک لەژێر ئەم گۆڕانی کەشوهەوایەدا گەشە پێبدەین".