سعوودیە بڕیاری زیادکردنی زمانی کوردی دا بۆ رێنوێنیکردنی حاجیان و عومرەکارانی کورد
K24 - هەولێر
وەزیری حەج و عومرەی سعوودیە لەمیانەی کۆنگرە و پێشانگای کاروباری حەج و عومرە لە جەددە، رەزامەندی لەسەر زیادکردنی زمانی کوردی بۆ رێنوێنیکردنی حاجیان و عومرەکاران دەربڕی.
د. تۆفیق ئەلرەبیعە، وەزیری حەج و عومرەی سعوودیە لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، لەمیانەی بەرێوەچوونی کۆنگرە و پێشانگای کاروباری حەج و عومرە لە جەددە، رەزامەندی لەسەر زایدکردنی زمانی کوردی بۆ رێنوێنیکردنی حاجیان و عومرەکاران دەربڕی. ئەمەش لەدوای داواکەی بهڕێوهبهری گشتی حهج و عومرهی ههرێمی كوردستان هات کەدواوای کردبوو زمانی کوردیش بۆ رێنوێنی حزاجیان و عومرەکاران زیاد بکرێت.
دوێنێ سێشەممە (9ـی کانوونی دووەمی 2024) نیاز راغب نەقشبەندی، بهڕێوهبهری گشتی حهج و عومرهی ههرێمی كوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، لەلایەن دەستەی فەرمی حەج و عومرەی عێراقی بانگهێشکران بۆ وڵاتی سعوودیە بۆ مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنگرە و پێشانگای حەج و عومرە لە جەددە، کە تیایدا سەرجەم سەرۆك و نێردەی حەج و وەزیرانی پەیوەست بەو بوارە بەشداریان کرد.
بهرێوهبهری گشتی حهج و عومرهی ههرێمی كوردستان، دەڵێت: "لە کۆنگرە و پێشانگەکە نوێنەرانی وڵاتان تیایدا بەرنامە و بیرۆکەی خۆیان لەسەر حەج و عومرە خستەڕوو، هاوکات زۆر بە راشکاوی داواکاری گەلی کوردمان لە کۆنگرەکەدا گەیاندە وەزیری حەج و سەرۆکی دەستەی حەجی سعوودیە، داوامانکرد لەمیانی بەڕێوەچوونی حەج و عومرە بە زمانی کوردی رێنوێنی پێشکەش بە حاجیان و عومرەکارانی کورد بکرێت".
ناوبراو باسی لەوەشکرد، وەزیری حەجی سعوودیە بە خۆشحاڵییەوە داواکارییەکەی قبوڵکرد و بە هەند وەریگرت، هاوکات بڕیاریدا کاری جیددی بکات لەپێناو جێبەجێکردنی.
نیاز راغب نەقشبەندی، ئاماژەی بەوەدا، ساڵی 2023 لە هەرێمی کوردستان 65 هەزار عومرەکار سەردانی سعوودیەیان کردووە.
رۆژی دووشەممە (8ـی کانوونی دووەمی 2024) بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە یاوەری 50 کۆمپانیای حەج و عومرەی هەرێم بەشداریان لە گەورەترین کۆنگرە و پێشانگای نێودەوڵەتی حەج و عومرە لە شاری جەددەی سعوودیە کرد.