هۆشیار زێباری بۆ عێراق: با وەک وڵات هەڵسوکەوت بکەین
K24 – هەولێر
هۆشیار زێباری رایگەیاند، حکومەتی عێراق لەرێگەی نامەی مۆبایلەوە داوای مانەوە یان نەمانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە هاووڵاتیان دەکات، کە ئەمە جێی گومانە، بۆیە با وەک وڵات هەڵسوکەوت بکەین.
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، كه وهزیری پێشووی دهرهوه و دارایی عیراقیش بووه لە پلاتفۆڕمی ئێکس رایگەیاند، ئەو راستییەی کە هەندێک لە پلاتفۆرمەکانی حکومەت کە لەرێگەی نامەی مۆبایل داوا لە هاووڵاتیان دەکەن بۆچوونی خۆیان دەرببڕن سەبارەت بە مانەوە یان نەمانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئەمەریکا لە عێراقدا، جێی گومانە.
گوتیشی: ئەم بڕیارانە سەروەری و حکومی و یاسایین و پابەندییە نێودەوڵەتییەکانیان تێدایە، ناتوانرێت رووبەڕووی راپرسی پۆپۆلیستەکان بکرێنەوە، دەشڵێت: با وەک وڵات هەڵسوکەوت بکەین!.
رۆژی دووشەممە، 8-1-2024، میدیاکان بلاویان کردەوە، حکومەتی عێراق لە رێگەی نامەی مۆبایلەوە کە بۆ تەواوی هاووڵاتیانی عێراقی ناردووە، داوای بۆچوونیان دەکات لەبارەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراقدا.
ئەو جموجۆڵەی بەغدا لە کاتێکدا دێت، کە هێرشەکانی چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان کە ئەمەریکا سەرکردایەتی دەکات، لەماوەی دواییدا زیادی کردووە، لە بەرامبەر ئەوەشدا ئەمەریکا وەڵامی توندی گرووپە چەکدارەکان دەداتەوە.