عەلی عەبدولرەحمان: ساڵی رابردوو 892 مینی دژە کەسیمان لە سنووری هەولێر لەناوبردووە

K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین/هەولێر رایدەگەیەنێت، لە ساڵی 2023؛ 471 هەزار و 931 مەتر چوارگۆشە لە سنووری پارێزگای هەولێر لە مین پاککراوەتەوە. دەشڵێت، ژیانی 892 کەسیان لە مردن رزگارکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11-01-2024، عەلی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین/هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی 2023ـی بەڕێوەبەرایەتییەکەی لە سنووری پارێزگای هەولێر ئاشکراکرد.
بە گوتەی عەلی عەبدولرەحمان، بەدرێژایی ساڵی 2023، توانیویانە رووبەری 471 هەزار و 931 مەتر چوارگۆشە بە کۆی تیمەکانیان لە سنووری پارێزگای هەولێر لە مین پاکبکەنەوە.
عەلی عەبدولرەحمان ئاماژەی بەوەش کرد، "هەشت کێڵگە مین لەو ماوەیەدا لە مین پاککراونەتەوە و ڕادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە کە رووبەرەکەیان دەگاتە 330 هەزار و 883 مەتر چوارگۆشە". ئەوەشی خستەڕوو، کۆی رووبەری زەوی پشکێندراو لەلایەن تیمی لەناوبردنی تەقەمەنی نەتەقاوە بە مەتر چوارگۆشە، 28 هەزار و 250 مەتر چوارگۆشە بووە.
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین/هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی ساڵی 2023ـدا، "892 مینی دژە کەسی لەناوبراون؛ واتا ژیانی 892 هاووڵاتی لە مردن رزگارکراوە. هەروەها دوو مینی دژە تانک لەناوبراون و، هەزار و 171 پارچەی تەقەمەنی پاشماو لەناوبراوە".
ئەمە لە کاتێکدایە بە گوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ساڵی 2023 و بە بەراورد بە ساڵی 2022، رووبەری پاککراوە بە مین و تەقەمەنی زیادی کردووە و به ههزاران مین و تەقەمەنیش لە ناوبراون، هەروەها ژمارەی شەهید زیاتر و کەم ئەندامبووانیش بهراورد به ساڵی پێشتر کەمتربووه.
ئەرکی سەرەکی دەزگای مین پاککردنەوەی خاکی کوردستان و هەڵگرتنەوەی پاشماوەی تەقەمەنی و جەنگی و، لابردنی مەترسی لەسەر گیانی هاووڵاتییان و، هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییانە لەسەر چۆنیەتی خۆپاراستنیان لە مەترسییەکانی مین.