شوان کەلاری: تا ئێستا دینارێك لە یاسای بودجە بۆ هەرێمی کوردستان نەهاتووە
K24 – هەولێر:
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کۆدەنگییەک لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەیە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە. گوتیشی: ئیرادەیەکی سیاسی لەسەر ئاستی عێراق هەیە بۆ ئەوەی بابەتی مووچە تێکەڵی ناکۆکی سیاسی نەکرێت.
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لایەنە سیاسییەکانی عێراق گەشتوونەتە ئەو راستییەی ئەوەی کە بەرامبەر بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت ستەمە و بەڵێندراوە کە یاسای بودجە هەمواربکرێتەوە، سێشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامدەدات و دەنگ لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دەدەن و دواتر دەنێردرێت بۆ پەرلەمان.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەک دەنگ و یەک هەڵوێستن، هەروەها پێویستیشە لەسەریان لەگەڵ فراکسیۆنە عەرەبییەکان رێکبکەون بۆ ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بدەن.
شوان کەلاری، دەڵێت: یاسای بودجە بە رێكوپێکی جێبەجێ نەکرا، بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کەوتە مانگی 12، سەرۆکوەزیرانی عێراق یاساکەی وەکو خۆی جێبەجێ نەکرد بۆ ئەوەی پارەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارنەهێندرێت، هەروەها یاسای بودجە کە پەسەندکرا پارتی لە سەرەتاوە تێبینی لەسەر هەبوو نەیدەویست بەو شێوەیە جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەداخەوە بە هەوڵی هەندێک لایەنی کوردی بەو شێوەیە جێبەجێ کرا.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، تا ئێستا یەک دینار لە یاسای بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، ئەوە پارەیەی کە نێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان تەنیا چەند قەرزێکە.
شوان کەلاری، روونیکردەوە، ئەگەر یاسای بودجە هەمواربکرێتەوە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەربهێندرێت لە خەرجی راستەقینە و بخرێتە سەر خەرجی حاکیمە، ئەو کاتە کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت، ئیرادەیەکی سیاسی لەسەر ئاستی عێراق هەیە بۆ ئەوەی بابەتی مووچە تێکەڵی ناکۆکی سیاسی نەکرێت.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق، لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گوتی: شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە تا ئەو کاتەی یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە، مووچە بە قەرز بۆ هەرێم بنێرێت، لەسەر ئەو پرسەش نەرمی نواندنێك هەیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بە هەموو پێوەرێک حکومەتی عێراق دەبێت ئەو قەرزە بنیرێت و ئەگەر نەینێرێت ستەمێکی گەورەیە، لە کاتێکدا بەڵێنیان داوە کە بینێرن.