رەحیم عەبودی: لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە بچێتە نێو ململانێی جەمسەرەکانەوە
K24 – هەولێر:
سەرکردەیەکی رەوتی حیکمە، رایدەگەیەنێت، هەوڵدەدرێت عێراق پەلکێشی نێو جەنگ بکرێت. جەختیشی لەوەکردەوە، کە دەبێت هەرێمی کوردستان و عێراق هاوهەڵوێست بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەکان.
رەحیم عەبودی، سەرکردە لە رەوتی حیکمە، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، پەیامی ئەمڕۆ رێبەری رەوتی حیکمە پەیامێک بوو بۆ ئەوەی لە راستیدا دیدگایەک هەبێت بۆ دەوڵەتی عێراق سەبارەت بە ئالنگارییە گەورە و مەترسیدارەکان لە ناوچەکدا، هەروەها پێشێلکارییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش پێشهاتێکی مەترسیدارە لە ناوچەکدا.
ئەو سەرکردەیەی رەوتی حیکمە، راشیگەیاند، "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرچاوەی وزەیە بۆ هەموو جیهان بۆیە پێویستە پاشەکشەیەک لەو بڕیارانە هەبێت کە دەبنە هۆی ئاڵۆزی زیاتر لەو ناوچەیەدا، پێویستە دیدگایەکی هاوبەش بۆ ناوچەکە هەبێت، بە تایبەت لە عێراق بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە، پێویستە جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان".
رەحیم عەبودی، ئاماژەی بەوەدا، هەندێک لەو گرووپە چەکدارانە دەیانەوێت عێراق لە جەنگێك تێوەبگلێنن کە ببێتە گۆڕەپانی کردە سەربازییەکان، هاوکات لە بەرژەوندی عێراقدا نییە لەو جەنگانەدا تێوەبگلێندرێت، بەڵام ئەگەر ناچار بوو دەتوانێت رووبەڕووی ئەو ئاڵۆزییانە ببێتەوە. ئەو سەرکردەیەی رەوتی حیکمە، دەڵێت: پیشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراقی، ئەمە لە دەستووردا هاتووە.
ناوبراو روونیکردەوە، لە بەرژەوندی عێراقدا نییە بچێتە نیو ململانێی جەمسەرەکانەوە. جەختیشی لەوە کردەوە، دەبێت هەرێمی کوردستان و عێراق هاوهەڵوێست بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەکان.
ئەو سەرکردەیەی رەوتی حیکمە، گوتیشی: "عێراق دەیەوێت ناوچەکە ئارام و سەقامگیر بێت و قورباینیشی بۆ ئەم بابەتە داوە، لە هەمانکاتدا گەلی کوردستانیش قوربانی زۆری داوە، هەروەها هەموومان دەزانین بڕیاری دەرەکی هەژموونی خۆی لە ناوچەکە دەوێت، ئەو ئاڵۆزییانەی کە لە ناوخۆدا روودەدات پێویستە چارەسەر بکرێن، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دەبێت بڕیاردەری هەموو چارەسەرییەکان بێت".
رەحیم عەبودی، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، رەوتی حیکمە چەمکی دەرکردن بۆ ئەمەریکا بەکارناهێنێت، چونکە لایەنی ئەمەریکی بە بڕیاری حکومەتی عێراق لەو وڵاتەن، بۆیە پێویستە خشتەیەک هەبێت بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە وڵاتەکە، چونکە لە ئێستادا عێراق پێویستی بەو هێزانە نەماوە.