پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی جێگرەوەی حەلبووسی کۆدەبێتەوە

K24 – هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.

بەگوێرەی بەرنامەی کاری دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، کاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 13ی کانوونی دووەمی 2024، پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێک کۆدەبێتەوە کە شوێنی حەلبووسی بگرێتەوە.

لە دوای دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی، تائێستا سوننەکان نەیانتوانیوە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستە رێکبکەون، ناوی چەند کەسێک لەنێو سوننەکان بۆ هەڵبژاردنی وەکو سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق دەهێندرێت، وەک شەعلان کەریم کاندیدی حزبی تەقەدووم، سالم عیساوی کاندیدی هاوپەیمانی سیادە، مەحموود مەشهەدانی کاندیدی هاوپەیمانی عەزم، بەگوێرەی زانیارییەکان سوننەکان لەسەر هیچ کام لەو کاندیدانە کۆدەنگ نین، بۆیە لە کۆبوونەوەی پەرلەمان بە دەنگ یەکلایی دەکرێتەوە کێ ببێتە سەرۆکی پەرلەمان.

لە 14ـی تشرینی دووەمی 2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی هەڵوەشاندەوە و ئەو بڕیارەش کاردانەوەی توندی لایەنە سوننەکانی بەدوای خۆیدا هێنا و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییان بە بڕیارێکی سیاسی ناوبرد.