ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە: هاوكارییەکانی ئەمەریكا بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت
K24 - هەولێر
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، رێككەوتنی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا، تا ساڵی 2026 بەردەوام دەبێت، لەو چوارچێوەیەدا مانگانە ئەمەریكا وەك پاڵپشتی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە، 20 ملیۆن دۆلار دەنێرێت.
لیوا روكن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە کوردستان24ـی گوت: "ئێمە لە ساڵی 2016ـەوە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنمان هەیە، وەکو وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە لە مانگی 10ی ساڵی 2022 نوێکرایەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ، واتە تا مانگی 10ی ساڵی 2026 هاوکارییەکان بەردەوام دەبێت، کە بریتییە لە پارە، مەشق، چەک، پێداویستییە سەربازییەکان، تەقەمەنی و راوێژکاریی و پاڵپشتی تەندروستیی، هەموو ئەمانە لە خۆدەگرێت، لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەش مانگانە ئەمەریكا وەك پاڵپشتی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە، 20 ملیۆن دۆلار دەنێرێت، ئەو پارەی پێمان دەدرێت ئێمە بۆ مووچە بەکاری دەهێنین".
گوتیشی: "ساڵانە 25% لەو بڕە پارەیە کەمدەبێتەوە، بەپێی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی کە لەنێوان هەردوولا هەیە، بەڵام ساڵانە ئەوەی کەمدەبێتەوە لێمان، دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پلانی هەبێت قەرەبووی ئەو بڕە بکاتەوە".
لیوا بەختیار، جەختیکردەوە: "ئەم یاداشتە تاکو ساڵی 2026ـە، بەڵام کە کۆتایی دێت، لە یاداشتەکەدا هەیە، ئەوەی لەسەر ئێمە دوو مەرجە یەکەمیان "یەکخستنەوەی هێزی پشمەرگەیە و چاکسازی دەزگایی"، دەبێت ریفۆڕمێک بکەین هێزەکان رێکخەین و یەکیان خەینەوە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، مەرجی دووەم بە هاوبەشی و بە هەماهەنگی بەتایبەت، پارتی و یەکێتی، هێزی یەکەی"70 و 80"، بە هاوبەشی و هاوسەنگی ئەم کارە بکەن، هەروەها هاوکاری و هەمەهەنگیمان هەبێت لەگەڵ هێزەکانی عێراق، هاوکاری و هەماهەنگیمان هەبێت لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەشی خستەڕوو: "یەکخستنەوە و رێکخستەنەوەی هێزەکان خاڵی زۆر لە خۆدەگرێت، چاکسازی دەزگایش بڕگەی زۆرە، لە ئیداری، یاسایی، ماددی، بڕگەی زۆر دەگرێتەوە، ئەگەر ئێمە توانیمان تا ساڵی 2026، ئەم چاکسازی دەزگاییە بکەین، دەتوانین جارێکی دیکە یاداشتەکە نوێ کەینەوە، واتە بۆ یاداشتێکی دیکە قسەی دیکەمان دەبێت، ئەگەر هەردوولا ئامادەبێت و کارەکانمان کردبێت. هەروەها، هەموو یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ پێنتاگۆن بە ئاگاداری حکومەتی عێراقی بووە".
راشیگەیاند: "راهێنانی راوێژکارەکانی هاوپەیمانیمان هەیە، بەڵام ئەو "فیرقە" نوێیانەی پێشمەرگەش راهێنان دەیانگرێتەوە، لە کۆتاییشدا هێزی پێشمەرگە پێویستی بە هاوکارییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە، لە هەموو بوارەکانیدا".
ئا: لاڤین عومەر