نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا: داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەم پابەندی دەستووربن
K24 - هەولێر
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکات پابەندی دەستووربن. دەشڵێت، "عێراق ئێستا لە هەموو کاتێکی دیکە پێویستی بەوەیە سەقامگیرییەکەی تێکنەدرێت".
ئەمڕۆ شەممە، 13-01-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بەشداریی لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی تیرۆرکردنی محەممەد باقر حەکیم، سەرۆکی پێشووی رەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق و باوکی عەممار حەکیم، سەرۆکی ئێستای ئەو رەوتە، کرد و گوتارێکی بۆ ئامادەبووانی رێوڕەسمەکە پێشکەشکرد.
دۆخی خەڵکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی گوتارەکەیدا باسی لە دۆخی خەڵک و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد: "ئێستا لەبەر نەبوونی بودجە و مووچە لە هەرێمی کوردستان؛ خەڵک و فەرمانبەران لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین. ئەمە کاریگەرییەکی زۆر خراپی کردووەتە سەر هەموو کەرتەکان لە هەرێمی کوردستان. زۆر پێویستە ئەو کێشە گەورەیە بە زوویی چارەسەر بکرێت. ئەمەش بەرپرسیارییەتی هەموومانە، چونکە هەرێمی کوردستان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەشێکن لە عێراق".
نێچیرڤان بارزانی داوا لە "تەواوی سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی فراکسیۆنەکان و هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق" دەکات پشتیوان بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
جێبەجێکردنی دەستووری عێراق
بە گوتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "روحی دەستوور بریتییە لە دروستکردنی دیموکراسی، دادپەروەری و دابەشکردنی دەسەڵات و سیستەمی فیدراڵی. جێبەجێکردنی دەستوور وەک خۆی، رابردووی جوانی کۆمەڵگەکەمان دەپارێزێت و، ئێستا و داهاتووشمان باشتر دەکات".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا داوای لە بەرپرسە سیاسییەکانی عێراق کرد پابەندی دەستوور بن و، وەکو خۆی گوتی، "دەستوور یەکسانی هەموو پێکهاتە، هەرێم و پارێزگاکانی عێراق و سەقامگیری وڵات دەپارێزێت".
چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەدای کارکردنی کابیەنی سوودانی و هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان، گوتی: "کابینەی محەممەد شیاع سوودانی بەباشی کاریکردووە و ئەمەش پێگەی عێراقی بەهێز کردووە. ئەم شێوە کارکردنە دەتوانێت پێگەی عێراق بەهێزتریش بکات، بەڵام پێشێلکردنی دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە هێرش بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان، هێزەکانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە؛ کاری حکومەت تێکدەدەات و ئاڵۆزییەکی زۆر و هەمە لایەنانە لە عێراق دروست دەکات".
وەکو ئەوەی نێچیرڤان بارزانی باسی کرد، "ئەو هێرشانە زیانێکی زۆریان بە ئاسایش و ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان گەیاندووە. بووەتە هۆی ئەوەی دڵراوەکی بە هەموو بازاڕی عێراقەوە بڵاوببێتەوە. هەروەها دەرفەتی داوەتە تیرۆریستانی داعش کە هێرشەکانیان زۆرتر بکەن".
نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، "هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر داوای عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش هاتوون. پێویستە دەرفەت بدرێتە حکومەتی فیدراڵی، بەپێی پلانێکی هاوبەش و لە زەمینەیەکی ئارام و بێ کێشەدا گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات بۆ رێککەوتن لەسەر داهاتووی هاوکاری نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و عێراق. عێراق ئێستا لە هەموو کاتێکی دیکە پێویستی بەوەیە سەقامگیرییەکەی تێکنەدرێت."