عەممار حەکیم: هەلی کار بۆ گەنجان نەدۆزینەوە تسۆنامی دارایی و مرۆیی لە عێراق روودەدات
K24 - هەولێر
عەمار حەکیم رێبەری رەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، دەیانەوێت ئەزموونی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە پێکهێنانی حکومەت، بۆ حکومەتە خۆجێیەکانیش بگوازنەوە.
راشیگەیاند، گەر هەلی کار بۆ گەنجان نەدۆزرێتەوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا عێراق رووبەڕووی تسۆنامییەکی دارایی و مرۆیی دەبێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 13ی کانوونی دووەمی 2024، عەمار حەکیم لەمیانی رێوڕەسمی یادی تیرۆرکردنی محەممەد باقر حەکیم-ی باوکی و سەرۆکی پێشووی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، لە بەغدا وتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: "هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە رێگەی یەکگرتووی و یەک بڕیارییەوە توانی سەقامگیری سیاسی دەستەبەر بکات، دەمانەوێت ئەو ئەزموونە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانیش بگوازینەوە، ئەگەر هەوڵی وەبەرهێنان و دۆزینەوەی هەلیکار بۆ گەنجان نەدرێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا رووبەڕووی تسۆنامییەکی دارایی و مرۆیی دەبینەوە".
گوتیشی: "دەستدرێژی بۆسەر نێردە دیپلۆماسییەکان رەتدەکەینەوە، جەختیش لە پاراستنی سەروەری خاکی عێراق دەکەینەوە. هێرشکردنە سەر هێزە چەکدارەکانی عێراق بەهەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە، چونکە سەروەری عێراق پەیوەستە بە ئاسایشی ناوچەکەوە".