ماکرۆن: خوازیاری دەستپێکردنەوەی دانووستانەکانین لەبارەی غەززە
K24 - هەولێر
سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، خوازیاری دەستپێکردنەوەی دانووستانەکانین لەبارەی شەڕی غەززە بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی هێشتا لەلای حەماس ماون.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ کەسوکاری بارمتەکان لە تەلئەڤیڤ، گوتی: "خوازیاری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانین بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە هێشتا لە کەرتی غەززە دەستبەسەرن، لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەر".
گوتیشی: "فەرەنسا بڕیاریداوە هەموو ئەو بارمتانەی لە هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەر گیراون ئازاد بکرێن، فەرەنسا دەستبەرداری منداڵەکانی نابێت، بۆیە دەبێت بۆ ئازادکردنیان دانوستان دەستپێبکەینەوە".
ماکرۆن، ئاماژەی بەوەشکرد: "هەرگیز بێ هیوا مەبن، هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی هەموو بارمتەکان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان".
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن: لە هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەردا نزیکەی 250 کەس بە بارمتە گیراون و 132 کەسیان لە غەززە ماونەتەوە و پێدەچێت 25 کەسیان گیانیان لەدەستدابێت، سێ هاووڵاتی تائێستا بێ سەروشوێنن لە غەززە.
لە 15ی کانونی یەکەمدا، سوپای ئیسرائیل کوشتنی ئیلیا تۆلێدانۆی فەرەنسی-ئیسرائیلی راگەیاند، کە لە شوێنی فێستیڤاڵی مۆسیقای "خێڵی نۆڤا" رفێندرابوو کە تێیدا لەگەڵ خۆشەویستە فەرەنسی-ئیسرائیلییەکەی، میا شێم، کە بەهەمان شێوە رفێندرابوو و پاشان وەک بەشێک لە رێککەوتنی ئاگربەست لە کۆتایی مانگی نۆڤەمبەردا ئازادکرا.
لای خۆیەوە سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، دڵگرانین بە گیان لەدەستدانی ئیلیا کە بە دەستی رفێنەرەکانی لە غەززە کوژرا، دواتر ئامادەبووان بە زمانی فەرەنسی دروشمی "ئێستا، ئێستا".
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 23 هەزار و 843 کەس کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنین، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە.
ئا: لاڤین عومەر