میسر وەڵامی لێدوانێکی ناتانیاهۆ دەداتەوە
K24 - هەولێر
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر، لێدوانێکی لەسەر قسەکانی ئیسرائیل دا سەبارەت بە پێویستی داخستنی میحوەری سنووری فیلادلفیا لە نێوان میسر و کەرتی غەززە، بە مەبەستی رێگریکردن لە دزەکردنی چەک بۆ ناو کەرتی غەززە.
ئەحمەد ئەبو زێد، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر بە کەناڵی "سەدا ئەلبیلاد"ـی راگەیاند، میسر سنوورەکانی بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە.
ئەبو زێد گوتیشی: "رێککەوتنی یاسایی و ئەمنی هەیە کە بابەتەکە کۆنتڕۆڵ دەکات"، ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر قسەیەک لەسەر دۆسیەی سنوورەکان لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت و بە هەڵوێستی راگەیەندراو وەڵام دەدرێتەوە".
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی شەممە، 13-1-2024، رایگەیاند، تەلئەڤیڤ کۆتایی بە شەڕەکە ناهێنێت بەبێ داخستنی بۆشایی میحوەری فیلادلفیا، بەپێچەوانەوە هاتنە ناوەوەی چەک بەردەوام دەبێت.
رۆژنامەی ئەمەریکی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بە پشتبەستن بە سەرچاوە فەرمییەکانی ئیسرائیل و میسری بڵاویکردەوە، ئیسرائیل میسری لە نیازی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ کۆنترۆڵکردنی میحوەری فیلادلفیا ئاگادارکردووەتەوە، کە لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا گرووپە فەڵەستینییەکان لە دەروازەی رەفەح دوور دەخرێنەوە.