پێنتاگۆن: وەزیری بەرگری تاوەکو ئێستا لەنەخۆشخانەیە

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" رایگەیاند، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا هێشتا لە نەخۆشخانەیە، بەڵام  تەندروستی باشە، هەروەها روونی نەکردەوە کەی نەخۆشخانە جێدەهێڵێت.

پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، " ئەو لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ستافە باڵاکان و بەردەوامە لە چاودێریکردنی کارەکانی رۆژانەی وەزارەتی بەرگری لە سەرانسەری جیهاندا".

"لوید ئۆستن"ـی تەمەن 70 ساڵ، لە 22ـی کانوونی دووەم سەردانی سەنتەری پزیشکی سەربازی نیشتمانی واڵتەر ڕید لە ویلایەتی میریلاند کرد، بۆ وەرگرتنی چارەسەری شێرپەنجەی پرۆستات، لە 1ـی 1ـی 2024، دووبارە گەڕایەوە نەخۆشخانە بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستی، لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا لە نەخۆشخانەکەدا ماوەتەوە.

لوید ئۆستن کاتێک بۆ سەنتەری پزیشکی سەربازی واڵتەر ڕید گواسترایەوە، پێنتاگۆن بە درێژایی هەفتەکە راستییەکەی لە ئەمەریکییەکان و کۆشکی سپی و کۆنگرێس شاردبووەوە، ئەمەش رەخنەی سیاسی بەرفراوانی لێکەوتەوە.

ئەم رووداوە شەپۆلێکی رەخنەی کۆمارییەکان و دیموکراتەکانی لێکەوتەوە، داوای لێکۆڵینەوە لە کۆنگرێس دەکەن، لە کاتێکدا گوتەبێژی جۆ بایدن، پشتڕاستی کردەوە کە "متمانەیەکی تەواو"ـی بە وەزیری بەرگری هەیە.

نوێنەرانی هەردوولا رایانگەیاند، نیگەرانییەکی قووڵیان هەیە، چونکە سەرۆکی ئەمەریکا ئاگاداری ئەوە نەبووە کە یەکێک لە وەزیرە گرنگەکانی حکومەتەکەی ماوەی سێ رۆژ لە نەخۆشخانە خەوێندراوە لەکاتێکدا دوو شەڕ لە غەززە و ئۆکرانیا بەڕێوەدەچێت.