29 توێژەری کوردستان ناویان لە باشترین توێژەرانی جیهاندا هات

مەراسیمی رێزلێنان لە توێژەران
مەراسیمی رێزلێنان لە توێژەران

24-هەولێر:

بەهۆی توێژینەوە پڕ بایەخ و گرنگەکانیان لەسەر ئاستی جیهانداو، بەپێی ریزبەندی زانکۆی ستانفۆرد، 29 توێژەری هەرێمی کوردستان لە زانکۆ حکومی و تایبەتەکان، بڕوانامەی رێزلێنانی وەزارەتی خوێندنی باڵایان پێبەخشرا.

ئەمڕۆ دووشەممە(15ی کانوونی دووەمی 2024)، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان خەڵاتى ڕێزلێنانی پێشکەش بە باشترین توێـژەرە کاریگەرەکانى زانکۆکانى کوردستان کرد.

لە راگەیاندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە، لە ڕوانگەى گرنگیدان بە توێژەران و توێژینەوەى زانستى، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕوانامەى ڕێزلێنانى پێشکەش بە هەموو ئەو توێژەرانەى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرد کە ناویان لە لیستى باشترین توێژەرانى جیهانى لە زانکۆى (ستانفۆرد) بۆ ساڵى (2023) دا هاتووە.

لەو مەراسیمەدا ئەمیر چالى ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ کاروبارى توێژینەوەى زانستى باسی ڕیزبەندى زانکۆى (ستانفۆرد) و چۆنیەتى هەڵبژاردنى توێژەرەکانی کرد و ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ڕێز لە (29) توێژەر لە زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان دەنێین کە ناویان لە لیستى (2 %) باشترین توێژەرانى جیهاندا هاتووە، دواتر چەند داتایەکى لەبارەى توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان لە سکۆپەس خستەڕوو، بۆ ئەوەش ئاماژەی بەوە کرد، (6514) ناو تۆمار کراوە، لەهەمانکاتدا توانراوە (12853) توێژینەوە بڵاوبکەنەوە، هەروەک لەسەر ئاستى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بە بارودۆخى توێژینەوەى زانستى و دیاریکردنى نەخشەڕێى کارى داهاتوى توێژینەوە لە کوردستان کرد.

وەزیری خوێندنی باڵا ئارام محەمەد قادر لە مەراسیمەکەدا گوتی: ئەو (29) توێژەرەى ڕێزلێنانیان پێشکەشکرا، ئەوە پیشان دەدەن کە وەزارەت و زانکۆکان لەسەر ڕێگەیەکى ڕاستن، چونکە لە ماوەى ڕابردوودا سەربارى ئەو هەموو ئاڵنگاری و قەیرانە زۆرانەى ڕوبەڕووى هەرێمی کوردستان بۆتەوە، بەڵام توێژەران هەوڵى بەردەوامیان داوە و کۆڵیان نەداوە، بەڵکو توانیان ئەو سەرکەوتنەى ئەمڕۆ بەدى بهێنن.

Fly Erbil Advertisment