رووماڵ

کاوە شاوڵی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەرگا داخراوەکانی جیهان بە رووی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە

کاوە شاوەلی، دیپلۆماتکاری کورد
کاوە شاوەلی، دیپلۆماتکاری کورد

K24 – هەولێر:

دیپلۆماتکارێکی کورد، ئاماژە بەوەدەکات، بەشداریکردنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی داڤۆس کاریگەرییەکی زۆر ئەرێنی دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها جەنابیان دەرگا داخراوەکانی جیهان بە رووی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.

کاوە شاوڵی، دیپلۆماتکاری کورد، بە ژووری هەواڵی کوردستان24ـی راگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ جاری سێیەمە بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس دەکات، شاندی هەرێمی کوردستان ئەمجارە بە شاندێکی مەزنەوە بەشدارن، چونکە شاندەکە پێکهاتووە لە سیاسەتمەدار و بازرگانانی کورد.

ئەو دیپلۆماتکارە کوردە، ئاماژەی بەوەدا، کردنەوەی ماڵی کوردستان لە داڤۆس کارێکی زۆر گرنگ و بێ وێنە بوو، لەو رێگەیەوە دەتواندرێت زیاتر هەرێمی کوردستان بە وڵاتانی جیهان بناسێندرێت.

کاوە شاوڵی، دەڵێت: بەشداریکردنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی داڤۆس کاریگەرییەکی زۆر ئەرێنی دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها جەنابیان دەرگا داخراوەکانی جیهان بە رووی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.

ئەو دیپلۆماتکارە کوردە، باسی لەوەشکرد، سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی هەمیشە هەوڵدەدات وڵاتی زیاتر کونسوڵیان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە، هەروەها هەرێمی کوردستان هەرێمێکی ئارامە و لە هەموو جیهانەوە وەبەرهێنەران رووی تێدەکەن و بە مەبەستی ئەنجامدانی وەبەرهێنان، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو کەرتە کارئاسانی باشی کردووە.

کاوە شاوڵی، گوتی: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەم کۆڕبەندە، کۆبوونەوەیەکی زۆر لەگەڵ  سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتان ئەنجامدەدات، هەروەها سەرۆکی حکومەت لە رێگەی ئەم کۆڕبەندەوە ئەم جارە هەوڵدەدات دەرگای زیاتر بە رووی وڵاتانی جیهان بکاتەوە، بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی کاری دیپلۆماسی و ئابووری.

کۆڕبەندی داڤۆس 2024 بە درووشمی" بنیاتنانەوەی متمانە" لە رۆژانی (15 بۆ 19ـی کانوونی دووەمی 2024) بەڕێوەدەچێت. کۆڕبەندی ئابووریی جیهان بە ئامانجی درووستکردنەوەی متمانە بۆ ماوەی پێنج رۆژ تەواوی جیهان سەرقاڵ دەکات.

کۆڕبەندی ئەمساڵ پێشوازی دەکات لە 100 سەرۆک حکومەت و زۆربەی دەزگا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەزار هاوبەشی کۆڕبەندەکە و سەرکردە کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها شارەزایان و نوێنەرانی گەنجان، کارسازان و میدیاکانیش ئامادە دەبن.