کوردستان24 ناسنامەی ژنە بێسەروشوێنەکەی هێرشەکەی هەولێر ئاشکرادەکات
K24 – هەولێر:
ئەو ژنەی تاوەکو ئێستا لەژێر پاشماوەی ماڵی شەهید پێشڕەو مەجید دزەیی بێسەروشوێنە کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بە مووشەکی بالیستی هێرشی کرایەسەر، کەسوکارەکەی لە رێگەی کوردستان24ـەوە سۆراغی چارەنووسی دەکەن.
بەگوێرەی زانیاری کەسوکارەکەی، ئەو ژنەی تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە ناوی میشێڵە و تەمەنی 42 ساڵە و خەڵکی فلیپینە کە وەک کارگوزار لە ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی کاریکردووە.
دوای هێرشە مووشەکییەکەی درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) بە مووشەکی بالیستی هێرش کرایە سەر هەولێر و هاووڵاتییانی سڤیلی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون کە برینی هەندێکیان سەختە کە یەکێک لە شەهیدەکان منداڵێکی ساوای شیرەخۆرەیە.
لەلایەن خۆیەوە، کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، تیمەکانیان تاوەکو ئێستا بەردەوامن لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی ئەو ژنە فلیپینییە کە بەهۆی وێرانبوونی باڵەخانەی ماڵەکە و کەوتنەژێر پاشماوەی کۆنکریتی، تاوەکو ئێستا نەتواندراوە بدۆزرێتەوە.
کەسوکاری ژنە فلیپینییەکە پەیوەندییان بە کوردستان24ـەوە کردووە و داوا دەکەن چارەنووسی کچەکەیان بزانن چونکە لە دوێنێوە پەیوەندییان لەگەڵ پچڕاوە و هیچ سۆراغێکی نازانن.