ئەردۆغان کاندیدانی پارتەکەی لە 48 شارەوانی بۆ هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئادار راگەیاند

ئەردۆغان و بەشێک لە کاندیدەکانی ئاکپارتی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان
ئەردۆغان و بەشێک لە کاندیدەکانی ئاکپارتی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان

K24 – هەولێر:

سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە ئەنقەرە، کاندیدی 48 شارەوانی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان راگەیاند کە 17 کاندیدیان لە ئەنقەرە و ئیزمیر و گەورەشارەوانییەکانی دیکەن.

رۆژی پێنجشەممە (18ـی کانوونی دووەمی 2024) لە گوتاریکدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەزموونێکی چەند ساڵەییان لە بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان هەیە و دەیانەوێت جارێکی دیکە ئەو شارەوانییانە بەدەستبهێننەوە کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2019 لەدەستیان دابوون.

ئەردۆغان گوتیشی، "سوپاس بۆ خوا هەمیشە خزمەتی گەلەکەمان کردووە، 30 ساڵە لە شارەوانییەکان و 21 ساڵیشە وەک دەسەڵات خزمەت پێشکەش دەکەین. پشت بە خوا لە هەڵبژاردنی 31ـی ئادار سەرکەوتوو دەبین، جارێکی دیکە خزمەت بۆ شارەوانییەکانمان دەگەڕێنینەوە کە ئێستا لە دەستی ئۆپۆزیسیۆن دەناڵێنن".

لەنێو شارەوانییەکاندا، 19 کاندید هەن کە بۆ پارێزگاکانی باکووری کوردستان دەستنیشانکراون و بریتین لە؛ سەمسور، ئاگری، ئەردەخان، باتمان، دیاربەکر، دیلۆک، جۆلەمێرگ، ئیدر، مەرەش، کلیس، مەلەتی، مێردین، موش، سێرت، سیواس، روحا، شرناخ، دێرسیم و وان.

هاوکات ئاکپارتی 15 کەسی جارێکی دیکە بۆ ئەو پارێزگایانە کاندید کردەوە کە چواریان لە باکوورن و بریتین لە؛ روحا، موش، سیواس و شرناخ هەن. 

رۆژی یەکشەممە 7ـی ئەم مانگە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کاندیدی ئیستانبوڵ و 25 شارەوانی راگەیەندرابوو. بریاربوون کاندیدیانی ئەنقەرە و 47 پارێزگاکەتی دیکە لە 14ـی مانگ رابگەیەنرێت بەڵام بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە و گیان لەدەستدانی 9 سەرباز، رێورەسمەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرابوو.

30ـی ئەم مانگە بەیاننامەی هەڵبژاردنی پارتی داد و گەشەپێدان بۆ هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئاداری شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا رادەگەیەندرێت.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوان بەشداری بکەن.

هەردوو پاتی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار لە تورکیا بڕیارە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2024ـیش پێکەوە بەشداری بکەن و بەگوێرەی ئەو نەخشەرێگەیەی پێشتر رایانگەیاندووە، ئاکپارتی لە هەوڵی قەرەبووکردنەوەی دۆڕانەکەیەتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2019 کە هەردوو شارەوانی ئیستانبوڵ و ئەنقەرەی بەرامبەر جەهەپە دۆڕاند.

ئاکپارتی و مەهەپە لە 30 شارەوانیدا هاوکاری یەکتر دەکەن و رێککەوتوون کە ئاکپارتی لە 28 شارەوانی گەورەدا کاندیدی هەبێت و مەهەپە بۆ دوو شارەوانی گەورە کاندیدی هەبێت کە بریتین لە شارەوانییەکانی مێرسین و مانیسا. هاوکات لەنێو 51 شارەوانیدا ئاکپارتی و مەهەپە لە 29 شارەوانی پێکەوە بەشداردەبن و لە 22 شارەوانیشدا بە خۆیان بەشدار دەبن.