هاوپەیمانی حاموورابی ئیدانەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات

K24 – هەولێر:
دەستەی سەرکردایەتی هاوپەیمانی حاموورابی ئیدانەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات و بەشداری لە پرسەی شەهیدانی ئەو رووداوەش دەکات.
لە راگەیەندراوێکدا، رۆژی (18ـی کانوونی دووەمی 2024) دەستەی سەرکردایەتی هاوپەیمانی حاموورابی ئاماژەی بەوەکردووە: "ئیدانەی هێرشە مووشەکییە تاوانکارییەکان و دەستدرێژی دڕندانەی ئێران بۆ سەر شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکات کە شوێنی نیشتەجێبوونی خێزانێکی سڤیلی سەر بە بنەماڵەیەکی ناسراوی شاری هەولێری کردە ئامانج".
هاوپەیمانی حاموورابی ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکە بووەتە هۆی شەهیدبوونی سەرمایەداری دیاری شاری هەولێر، پێشڕەو دزەیی و ژینای کچی لەگەڵ خاوەنکارێکی کریستیانی سریانی بەناوی کەڕەم نەشئەت میخائیل و کارگوزارێکی ماڵەکە و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە، باس لەوەشکراوە، کە سەردانی بریندارەکانیان لە نەخۆشخانە کردووە و لە مزگەوتی سەواف و کەنیسەی مارت شمونی بەشدارییان لە پرسەی قوربانییەکان کردووە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاوپەیمانی حاموورابی رایگەیاندووە، دووبارەبوونەوەی هێرشەکەکانی ئێران و سوپای پاسداران دەبێتە هۆی لاوازکردنی پەیوەندییەکان و هەڕشەیە بۆ ئاسایشی هاووڵاتییانی کوردستان و پێکهاتە نیشتمانییەکان لە هەولێر، کە بە یەکێک لە گرنگترین بنکەکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە دادەنرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هاوپەیمانی حاموورابی لەبارەی ئەو هێرشەوە دەڵێت: "ئەم جۆرە هێرشانە بە تاوانی جەنگ و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سەروەری نیشتمانی و یاسا نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت" و داواش لە هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان راستی رووداوەکە بگەیەننە نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کۆمکاری عەرەبی و سەرجەم رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.
لە دوای سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە و برینداران، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراقە لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و بوونی بنکەی سیخوڕی ئیسرائیلی نەبووە.
لەلایەن خۆیەوە سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە لێداونێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، "پێچەوانەی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان ئێران و عێراقە کە لەوانەیە هەڵبپەسێردرێت و ئێران بە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، زیان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیان دەگەیەنێت".