واشنتن... رهوهندی كوردستانی دژی هێرشه مووشهكیهكهی ئێران بۆسهر ههولێر گردبوونهوهیان ئهنجامدا
K24 – واشنتن:
له واشنتن رهوهندی كوردستانی دژی هێرشه مووشهكیهكهی ئێران بۆسهر ههولێر گردبوونهوهیان ئهنجامدا و تێیدا سهركۆنه و ئیدانهی هێرشهكهیان كرد.
ئهمڕۆ (شهممه 20ـی كانوونی دووهمی 2024)، دژی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، بە بەشداری تریفه عهزیز نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، رەوەندی کوردستانی لە ئەمەریکا لەبەردەم کۆشکی سپی به بهرزكردنهوهی ئاڵای كوردستان گردبوونەوە.
پێشتریش پهیامنێری كوردستان24 رایگهیاندبوو، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان و ههولێر، بڕیارە رەوەندی کوردی خۆپیشاندان لە وڵاتە ئەوروپییهكان و ئەمهریکا ئهنجام بدهن و لەبەردەم باڵیۆزخانەکانی ئێران کۆببنەوە.
درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) بە مووشەکی بالیستی هێرش کرایە سەر هەولێر و هاووڵاتییانی سڤیلی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون کە یەکێک لە شەهیدەکان منداڵێکی ساوای شیرەخۆرەیە.
دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیاریەتی هێرشەکە لە ئەستۆ گرت و پاساوەی ئەو تاوانەشی بۆ بە ئامانجگرتنی بارەگای مۆسادی ئیسرائیلی گەڕاندەوە، کە هەر زوو ئەم تۆمەتەش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و دوای سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە و برینداران، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراقە لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و بوونی بنکەی سیخوڕی ئیسرائیلی نەبووە".
کاردانەوەکانی ئەم هێرشە لەسەر ئاستی نێوخۆی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و چین و توێژە جیاوازەکانەوە ئیدانە کرا و هێرشەکەی ئێران بە تاوانێکی بێ پاساو و بێ بنەما وەسفکرا، تەنانەت لەسەر ئاستی جەماوەری داوای بایکۆتکردنی کڕینی کاڵای ئێرانی و پچڕاندنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە کرا.