رووماڵ

بریندارێکی هێرشەکەی سەر ماڵی شەهید پێشڕەو بۆ کوردستان24 باس لە شەوی رووداوەکە دەکات

K24 – هەولێر:

دوو لە بریندارانی هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر لەژێر چارەسەری پزیشکیدان و تەندروستییان جێگیرە و یەکێک لە بریندارەکانیش بۆ کوردستان24 باس لە شەوی رووداوەکە دەکات.

بریندارانی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر ماڵی شه‌هید پێشڕەو دزەیی ھێشتا لە نەخۆشخانەن و قسەیان بۆ کوردستان24 كردووە و چیرۆکی ته‌واوی شەوی رووداوەکە دەگێڕنەوە، یەکێک لە بریندارەکان ئاماژە بەوەدەکات لەگەڵ ئاگری یەكەم تەقینەوەی بۆردومانەکەدا وایزانیوە، سیستمی (غازی ئێڵ پیجی) ماڵەکە تەقیوەتەوە، بەڵام لەگەڵ تەقینەوەی مووشەکی دووەمدا، ئیتر ئاگای  لەخۆی نەماوە و کاتێک ھۆشی ھاتۆتەوە لە نەخۆشخانە بووە . 

پزیشکی تایبەتی چارەسەری بریندارانی رووداوەکەش، ئاشکرای دەکات لە رووی فیزیکییەوە، باری تەندروستی بریندارەکان جێگیرە، بەڵام کاتێکی زیاتریان دەوێت تا لە رووی دەروونییەوە باش دەبن و ئاسایی دەبنەوە . 

ئارلینا سانتۆس، ماوەی حەوت ساڵە لە ماڵی شەھید پێشڕەو دزەیی وەكو كابان کاردەکات و تەمەنی 42 ساڵە و خەڵکی وڵاتی فلیپینە، کە چیرۆکی بۆردمانەکە دەگێڕێتەوە، ھێشتا لە شۆکی دەروونیدایە، لەگەڵ ئەوەشدا لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە تەماشای ئەو ڤیدیۆیانە دەکات کە باس لە تەندروستی ئەندامانی تری خانەوادەکە دەکەن.

ئارلینا دەڵێت: "لەو رۆژە میوانمان هەبوو، خاوەن کارەکەم کوڕەکەی و میوانەکە لەوێ بوون، کاتژمێر 11ـی شەو هێرشەکە کرا و کاتێک مووشەکەکان گەیشتن سەرەتا وامزانی گازی شلە تەقیوەتەوە، دواتر مووشەکەکان تەقینەوە، دوای تەقینەوەی دووەم مووشەک بورامەوە، دواتر ئاگاداری هیچ شتێک نەمام، حەوت ساڵ لەو ماڵە کارگوزارم".

ھەردوو خزمەتگوزارە بریندارەکەی ماڵی شەھید پێشڕەو کە بەھۆی ھێرشی ئێران بۆسەر ھەولێر برینداربوون، تا ئێستا لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری تەندروستیدان و ھەموو شتێکی پێویستیان بۆ کراوە، لەلایەن خۆیەوە، دکتۆر نەشوان نەشئەت، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری مێشک و بڕبڕەی پشت بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، ھەردوو خزمەتگوزارە بریندارەکە زەبری فیزیکی و دەروونیان بەرکەوتووە، ئەوەی فیزیکییە دەتواندرێت چارەسەری خێرای بۆ بکرێت، بەڵام چارەسەری زەبری دەروونی پێویستی بەکاتەوە ھەیە.

ئەو پزیشکی لەبارەی تەندروستی بریندارەکانەوە روونیکردەوە، یەکێک لە بریندارەکان پێویستی بە نەشتەرگەری جێگیرکردنی بڕبڕەی پشتە و ئەوەی دیکەیان تەندروستی جێگیرە، بەڵام هەردوو بریندارەکە بۆ ماوەیەک دەبێت چارەسەری دەروونییان پێشکەش بکرێت.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە ھەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی ھاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی ھەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەھۆیەوە چوار ھاووڵاتیی شەھیدبوون و شەش ھاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.